Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 10:55

پەرلەمانی کوردستان وەڵامی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە

په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوێسته‌كانی سیستانی به‌رزده‌نرخێنێت
کوردستان TV
100%


سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 30/9/2017، په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی سكرتێری كاتی په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (2)ی ئاساییی خولى پاییزه‌، ساڵى چواره‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی به‌ئاماده‌بوونی مه‌ولود باوه‌ موراد، وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌كاله‌ت و ئامانج ره‌حیم، راوێژكاری یاساییی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدا.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو،  خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌وه‌ڵامی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌دوایین هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و حكومه‌تی فیدڕاڵ سه‌باره‌ت به‌ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و خاڵی دووه‌میشی تایبه‌تبوو به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز (فخرالدین قادر عارف) له‌پۆستی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامییه‌تیی په‌رله‌مان، كه‌ به‌نووسراوی فه‌ڕمی پێشكه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كردبوو. خاڵی سێیه‌میش، ته‌رخانكرابوو بۆ دانان و ئاڵوگۆڕكردنی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌پێی مادده‌ی 44ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، خاڵی چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ش  بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.

به‌ر له‌خستنه‌رووی به‌رنامه‌ی كار، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشنیازكرا ئاڵوگۆڕ له‌خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ بكرێت و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ئه‌و پێشنیازه‌ په‌سندكراو زنجیره‌ی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات و خاڵی یه‌كه‌م خرایه‌ كۆتا خاڵ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین كاتی دانیشتنه‌كه‌ی پێبدرێت.

دواتر له‌وته‌یه‌كی كورتدا، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌گه‌لی كوردستان كرد به‌هۆی ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و راشیگه‌یاند: "گه‌لی كوردستان موماره‌سه‌ی سه‌ره‌تاییترین مافی خۆی كردووه‌و هیوادارین گفتوگۆ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند له‌باره‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم به‌ڕێوه‌ بچێت و هه‌روه‌ها ستایشی هه‌ڵوێسته‌كانی سیستانی كردو به‌رزیشی نرخاند".
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا، له‌سه‌ر پێشنیازی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی به‌شداربووی دانیشتنه‌كه‌ بۆماوه‌ی خوله‌كێك به‌بێده‌نگی وه‌ستان بۆ ده‌ربرینی هاوخه‌می بۆ قوربانیانی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی هه‌رێم كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ده‌ریاكان خنكان.

دواتر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز (فخرالدین قادر عارف) له‌پۆستی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامییه‌تیی له‌په‌رله‌مان خرایه‌ڕوو و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سندكرا. هه‌روه‌ها ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز (فه‌رهاد حه‌مه‌ ساڵح كه‌ریم – ناسراو به‌ فه‌رهاد سه‌نگاوی) خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سندكرا.

به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار (گۆران ئازاد) له‌لیژنه‌ی یاسایی و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار (د.رێواز فایه‌ق) له‌لیژنه‌ی پشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكران و هه‌روه‌ها به‌زۆرینه‌ی ده‌نگیش زیادكردنی  په‌رله‌مانتار (د.رێواز فایه‌ق) بۆ لیژنه‌ی یاسایی په‌سندكرا.

دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرا بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
دوا خاڵی به‌رنامه‌ی كاریش كه‌بریتی بوو له‌وه‌ڵامی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌دوایین هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و حكومه‌تی فیدڕاڵ سه‌باره‌ت به‌ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ رێككاره‌كانی گفتوگۆكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ خرایه‌ڕوو.

سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن مه‌ولود باوه‌ موراد، وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌وه‌كاله‌ت، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌دوایین پێشهاته‌كان خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌بڕیاڕی حكومه‌تى ناوه‌ند به‌ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بۆ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر و سلێمانی و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌و هه‌روه‌ها روونكردنه‌وه‌ی پێویستى له‌باره‌ی لایه‌نه‌ ته‌كنیكی و سیاسییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌هه‌رێمی  كوردستان و عێراق بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "وه‌ك لایه‌نی هه‌رێم په‌یوه‌ندیمان به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی كردووه‌و ئاماده‌یی ته‌واومان نیشانداوه‌ بۆ گفتوگۆكردن و لێكتێگه‌یشتن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌".
 
دواتر سه‌رۆكی فراكسیۆن و لیسته‌كانی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌په‌رله‌مانتاران پێشنیازو بۆچوونه‌كانی خۆیان ده‌رباره‌ی  سزاو هه‌ڵوێسته‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دژ به‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و تیایدا به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێست و بڕایارانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان كردو به‌بڕیارێكی نایاسایی و سیاسییان له‌قه‌ڵه‌مدا، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌گرتنه‌به‌ری رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه‌و دیالۆگ تاكه‌ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانن و ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر به‌هێزی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان و یه‌كخستنه‌وه‌ى نێوماڵی كورد كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌یه‌كده‌نگی و یه‌كڕه‌نگییه‌وه‌ داكۆكی له‌مافه‌ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا.

پاشان جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ی به‌كراوه‌یى هێشته‌وه‌و پشوویه‌كی یه‌ك سه‌عاتی به‌دانیشتنه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی دواتر درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كه‌ بدرێت و بوار به‌و سه‌رۆك فراكسیۆن و ئه‌ندامانه‌ش بدرێت كه‌ناوی خۆیان تۆماركردبوو قسه‌ی خۆیان بكه‌ن و بیروبۆچوونی خۆیان فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بخه‌نه‌ڕوو.
ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان / سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.