Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 18:41

فیلمی "زاگرۆس" له‌ 18یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئاره‌س به‌شداره‌

فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ 3 تاوه‌كو 12 تشرینی دووه‌م له‌ شاری ئاره‌س له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
کوردستان TV
100%

فیلمی سینه‌مایی كوردی "زاگرۆس" له‌ 18یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئاره‌س – Arrasـدا به‌شداره‌.

فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ 3 تاوه‌كو 12 تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر له‌ شاری ئاره‌س له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ته‌نها 9 فیلم له‌ به‌شی پێشبڕكێی فێستیڤاڵه‌كه‌دا له‌ به‌شی پێشبڕكێدان و كێبڕكی بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵ ده‌كه‌ن، "زاگرۆس" یه‌كێك له‌و فیلمانه‌یه‌.


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ له‌ 44مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی گێنت – Gentـدا به‌شدارده‌بێت كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین و گرنگترین فێستیڤاڵی سینه‌مایی له‌ به‌لژیكادا ده‌ناسرێت.

له‌ به‌شی پێشبڕكێی فیلم له‌ فێستیڤاڵدا، 12 فیلم له‌ كێبڕكێدان، به‌ڵام ته‌نها یه‌ك فیلم نوێنه‌رایه‌تی به‌لژیكا ده‌كات، ئه‌ویش "زاگرۆس"ـه‌ كه‌ چیرۆكێكی كوردی هه‌یه‌ و گرێدراوی به‌لژیكایه‌.

چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵ له‌ 10 تاوه‌كو 20 تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر له‌ شاری گێنت له‌ به‌لژیكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

"زاگرۆس" چیرۆكی شوانێك به‌ناوی زاگرۆس ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ هاوژینی خۆی زۆر خۆشده‌وێت، بۆ ئه‌و كوردستان به‌هه‌شته‌، به‌ڵام هاوژینه‌كه‌ی هاڤین و كچه‌كه‌ی ره‌یهان، رووده‌كه‌نه‌ به‌لژیكا، دواتر زاگرۆزیش بڕیارده‌دات بچێته‌ ئه‌و وه‌ڵاته‌.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ له‌ باكووری كوردستان، یۆنان و به‌لژیكا وێنه‌گیراوه‌، له‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ فه‌یاز دۆمان، حه‌لیما ئێلته‌ر و سوات ئۆستا و هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی ناسراوی كورد، هۆزان براده‌ر، رۆڵ ده‌گێڕن.

"زاگرۆس" به‌رهه‌مێكی هاوبه‌شی به‌لژیكا و هۆڵه‌ندایه‌، پرۆدیۆسه‌ری سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌ دریس فالیپۆیه‌ و سه‌هیم عومه‌ر جه‌ین- كلود و ڤان ریچكهام سیناریۆكه‌یان ئاماده‌كردووه‌.

كاری وێنه‌گرتن، ده‌نگ و مۆنتاژی فیلمه‌كه‌، له‌لایه‌ن سینه‌ماكارانی به‌لژیكی و هۆڵه‌ندییه‌وه‌ كراوه‌.


سه‌رچاوه‌ /ئاژانسی زاگرۆس
كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی
 

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.