Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 13:49

حکومه‌تى عێراقى سێ ساڵه‌ پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى کوردستان نادات و داواى نه‌وتیش ده‌کات

ئه‌وه‌ى عه‌بادى ده‌یڵێت بۆ له‌ناو بردنى ئیراده‌ى خه‌ڵكى كوردستانه‌ و ناتوانێت جێبه‌جێى بكات
کوردستان TV
#7
100%

حكومه‌تى عێراق به‌ هه‌نارده‌ى 3 ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و 60 ملیار دۆلار پاشه‌كه‌وت ئێستا قه‌رزاره‌ و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ نزیكه‌ى 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كوردستان ده‌توانێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بدات، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دوێنێ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌وتى كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا ئه‌وا ئه‌وا ئه‌وان مووچه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرن, ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن پسپۆڕان و ئابورى ناسانه‌وه‌ به‌ موزایه‌ده‌ى سیاسى و قسه‌ى بنه‌ما وه‌سف ده‌كرێت.

چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ بیانووى جۆراوجۆر كه‌ دیارترینیان نه‌بوونى پاره‌ و قه‌یرانه‌، عه‌بادى پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى پێنادرێت ئه‌مه‌ وته‌ى فه‌تحى موده‌ریس راوێژكارى ئابورى وه‌زاره‌تى بازرگانییه‌، فه‌تحى موده‌ریس وتیشى" چه‌ند ساڵێكه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ گفتوگۆداین بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران بدات به‌ڵام به‌بیانووى نه‌بوونى پاره‌ و تۆمه‌تى بێسه‌رچاوه‌ پاره‌ى جوتیارانى به‌ته‌واوى نه‌ناردووه‌".

هه‌روه‌ها موده‌ڕیس گوتیشى:ئه‌وه‌ى عه‌بادى ده‌ڵێت جگه‌ له‌ موزایه‌ده‌ى سیاسى و گومان دروستكردن لاى خه‌ڵكى كوردستان هیچى تر نییه‌.

پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان نزیكه‌ى 700 ملیاره‌ و پاره‌ى گه‌نمى ساڵه‌كانى 2014، 2015، 2016، 2017 یه‌.
 

ئه‌وه‌ى عه‌بادى ده‌یڵێت بۆ له‌ناو بردنى ئیراده‌ى خه‌ڵكى كوردستانه‌ و ناتوانێت جێبه‌جێى بكات، شه‌ماڵ نورى رۆژنامه‌نووس و ئابوریناس  وتیشى" دژایه‌تى كورد و گه‌مارۆى ئابورى به‌ میرات ماوه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى عێراق هه‌ر له‌ دروست بوونییه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا، عه‌بادى كه‌ دیتى ته‌نانه‌ت بڕینى بودجه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئیراده‌ى خه‌ڵكى كوردستان نه‌بووه‌ هه‌ستاوه‌ به‌و پلانه‌ى كه‌ نه‌وت ته‌سلیم بكه‌ین و مووچه‌مان بداتێ".

 

شه‌ماڵ نورى ده‌پرسێت" ئه‌ى بۆ كاتێك نه‌وت له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆى بوو بودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ى نه‌ده‌نارد؟ بۆ دژایه‌تى ساغ بوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى جوتیارانى ده‌كرد له‌ بازاڕه‌كانى عێراق و به‌رهه‌مى ئێرانى هاورده‌ ده‌كرد؟ حكومه‌تى عێراقى به‌ تواناى هه‌نارده‌ى 3 ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا ناتوانێت ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ببات به‌ڕێوه‌، بۆ له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكدا له‌ بڕى پاشه‌كه‌وتى 60 ملیار دۆلاره‌وه‌ بووه‌ وڵاتێكى قه‌رزار؟ شه‌ماڵ نورى ده‌ڵێت" عێراق ته‌نانه‌ت پاره‌ى جوتیارانیش نادات كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ ململانێى سیاسییه‌وه‌ نییه‌ و هێشتا پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى نه‌داوه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2014 وه‌ تاوه‌كو 2017 وه‌ریگرتووه‌؟ حكومه‌تى عێراق جگه‌ له‌وه‌ى قه‌رزاره‌ و ناتوانێت عێراق ببات به‌ڕێوه‌ ، داعش چه‌ند شارێكى وێران كردووه‌ و ناتوانێت شاره‌ وێران بووه‌كانیشى ئاوه‌دان بكاته‌وه‌، ئه‌ى كه‌واته‌ ئه‌م پاره‌یه‌ له‌كوێ دێنێت كه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى پێبدات؟ عێراق به‌ گشتى دژایه‌تى تاك به‌ تاكى كوردى ده‌كات، كه‌ دووریش بن له‌ ململانێ سیاسییه‌كان.

شه‌ماڵ نورى له‌ كۆتاییدا ووتیشى "ئه‌گه‌ر سه‌یرى ده‌ستوورى عێراق بكه‌ین ده‌بینین له‌ كۆى 55 خاڵ كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، حكومه‌تى عێراق پێشێلكارى له‌ هه‌موو خاڵه‌كان كرووه‌".

ئارام كاكه‌خان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.