Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 16:41

داهاتى ساڵانه‌ى کوردستان به‌ره‌و 20 ملیار دۆلار هه‌نگاو ده‌نێت.

عێراق به‌ داهاتى نه‌وت له‌ قه‌یرانه‌كان رزگارى نابێت.
کوردستان TV
#8
100%

ئارام كاكه‌خان

به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌جیهانییه‌كان، داهاتى وڵاتانى خاوه‌ن نه‌وت زیاتر ده‌كات، هه‌رێمى كوردستانیش كه‌ ئێستا هه‌نگاو بۆ سه‌ربه‌ۆخۆیى ده‌نێت، به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت به‌ قازانجییه‌تى به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ 2014ه‌وه‌ بودجه‌ى بڕدراوه‌ و سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت كردنى مووچه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات.

ئێستا كه‌ نرخى نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت كردنى مووچه‌ لابدات و په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجام داوه‌ و بڕیاردراوه‌ به‌ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەو دامەزراندنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان و حكومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ كار لەسەر چاككردنی سیسته‌می مووچەو نەهێشتنی پاشەكەوت بكه‌ن، بڕیاریشە حكومەت میكانیزمێك بۆ دانەوەی پاشەكەوتەكان دابنێت.

هه‌روه‌ها ده‌بینرێت كه‌ به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كانى كه‌رتى گشتى كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ كار و به‌ره‌و پێش چوون له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بینرێت.

زاگرۆس فه‌تاح به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلانى پڕۆژه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى پلاندانانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت" ئێمه‌ جگه‌ له‌وه‌ى پرۆژه‌كانى كه‌رتى گشتى له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردوودا %70 بۆ %80ى جێبه‌جێكراوه‌، هاوكات ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانیشمان هه‌یه‌ و كه‌رتى تایبه‌ت له‌ رێگه‌ى ئه‌و ده‌سته‌یه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى جێبه‌جێ كراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ى نزیكه‌ى 40 ملیار دۆلاره‌".

زاگرۆس فه‌تاح وتیشى" به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌ قازانجى هه‌رێمى كوردستانه‌ و به‌و داهاته‌ زیاده‌یه‌ى ده‌ستمان ده‌كه‌وێت ده‌توانین زیاتر گه‌شه‌ به‌ ئابورى وڵات بده‌ین و ژێرخانێكى پته‌وتر بنیادبنێین".

جگه‌ له‌مه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى رۆزنه‌فتى رووسى رێككه‌وتووه‌ و وابڕیاره‌ له‌ ساڵى 2019دا بۆڕى گازى سروشتى ته‌واو بێت و ده‌ست به‌ هه‌نارده‌ى گازى سروشتى بكرێت به‌ بڕى ساڵانه‌ى 30 ملیار مه‌تر سێجا له‌ ساڵێكدا، هه‌روه‌ها وا بڕیاره‌ بڕى هه‌نارده‌ى نه‌وتیش له‌ رۆژێكدا به‌رزببێته‌وه‌ 1 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.

ئه‌مه‌ش وا ده‌كات داهاتى نه‌وت و گازى سروشتى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا له‌ساڵى 2020 بگاته‌ 20 ملیار دۆلار.

به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت ناتوانێت چاره‌سه‌رى برینه‌كانى عێراق بكات ،سه‌ره‌ڕاى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و به‌رزبوونه‌وه‌ى داهاتى نه‌وتى عێراق بۆ 4 ملیار و 900 ملیۆن دۆلارى مانگانه‌، به‌ڵام ناتوانێت كورتهێنانى بودجه‌ى 2017 پڕبكاته‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ قه‌رز كردن، ئاژانسى جیهانى رۆیته‌رز بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، هه‌نارده‌ى نه‌وتى عێراقى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ مانگى رابردوو ، ئه‌مه‌ش به‌ بڕى 24 هه‌زار به‌میل نه‌وتى رۆژانه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئاماره‌كان بكه‌ین ده‌بینین له‌ مانگى ئه‌یلولدا رۆژانه‌ 3 ملیۆن و 240 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌نارده‌ كردووه‌، له‌ مانگى پێشووتردا رۆژانه‌ 3 ملیۆن و 216 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى فرۆشتووه‌.

ئه‌مه‌ش به‌ هۆى ئه‌وه‌وه‌ دێت نرخى ناوه‌ندى نه‌وت له‌ مانگى رابردوودا 50 دۆلار  23 سه‌نت بوو، به‌ڵام له‌ مانگى پێشووتردا نرخى ناوه‌ندى نه‌وت 46 دۆلار و 22 سه‌نت بوو.

رۆیته‌رز ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ داهاتى نه‌وتى عێراقى به‌رز بوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و بووه‌ته‌ 4 ملیار و 900 ملیۆن دۆلارى مانگانه‌ له‌كاتێكدا له‌ مانگى پێشووتردا داهاتى مانگانه‌ى نه‌وت، 4 ملیار و 460 ملیۆن دۆلارى مانگانه‌ بوو.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ بودجه‌ى 2017ى عێراق به‌ ئاماده‌بوونى 186 ئه‌ندام په‌رله‌ملن په‌سه‌ند كراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ى 68 ملیار دۆلار بووه‌ و 21 ملیار دۆلار كورت هێنانى هه‌بووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلانى پڕۆژه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت " به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت عێراق له‌ قه‌یرانه‌كان رزگار ناكات و ناتوانرێت به‌ داهاتى نه‌وت عێراق بنیاد بنرێته‌وه‌".

عێراق به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت هێشتا ناتوانێت كوردت هێنان پڕ بكاته‌وه‌ و نزیكه‌ى 10 ملیار دۆلار كورتهێنانى هه‌یه‌.به‌ڵام شاره‌زایان پێیان وایه‌ عێراق له‌وه‌ زیاتر كورتهێنانى هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ كاتى شه‌ڕدایه‌ و به‌ شێك له‌ كێڵگه‌ نه‌وتى و بیره‌ نه‌وتییه‌كانى تووشى زیان به‌ ده‌ستى رێكخراوى تیرۆریستى داعش، ئه‌مه‌ پێویستى به‌ بنیادنانه‌وه‌ هه‌یه‌ و چه‌ند شارێكیش وێران بووه‌ كه‌ پێویستى به‌ دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌، ته‌نیا شارى موسڵ پێویستى به‌ 35 ملیار  دۆلاره‌ بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ى.

عێراق ته‌نیا پشتى به‌ نه‌وت به‌ستووه‌ و داهاتى نه‌ونتیش كه‌ دێته‌ بودجه‌ى عێراق زیاتر بۆ بودجه‌ى ته‌شغیلى به‌ كاردێت و بودجه‌یه‌كى وا نامێنێته‌وه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنانى پێبكات، زاگرۆس فه‌تاح وتیشى " عێراق ئه‌گه‌ر پاره‌شى بكه‌وێته‌ ده‌ست ناتوانێت پرۆژه‌ى گه‌وره‌ بنیاد بنێت و شاره‌كانى ئاوه‌دان بكاته‌وه‌ چونكه‌ تواناى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ و زه‌به‌لاحى نییه‌ و به‌ گشتى تواناى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ له‌  عێراقدا %20 بۆ %30 ه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى نائارامى له‌ عێراقدا هه‌یه‌ و ئاساییش به‌رقه‌رار نییه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆى ئه‌وه‌ى عێراق كێشه‌ى سیاسى هه‌یه‌ و ناكۆكى سیاسى به‌رده‌وامه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك نرخى هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 107 دۆلار بوو، حكومه‌تى عێراقى هیچ پرۆژه‌یه‌كى ستراتیژى و زه‌به‌حى پێ بنیاد نه‌نرا".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.