مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بنەماڵەی مام جەلال و هاووڵاتییانی کوردستان کرد.
لە پرسەنامەیەکدا مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالمان پێگەیشت، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی مام جەلال و سەرکردایەتی و سەرجەم کادیر و ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو هاووڵاتییانی کوردستان دەکەم. خوا سەبووریی هەموو لایەکمان بدات.
جەختیشی لەوە کردەوە مام جەلال، کەسایەتییەکی کاریگەری مەیدانی سیاسیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بووە و بێگومان کۆچی دوایی بۆشاییەکی زۆر دروست دەکات.
ئاواتەخوازم بە تەبایی و یەکڕیزی و خەباتی بێ وچانمان بە ئاراستەی بەدیهاتنی ئاواتە دێرینەکەی گەلەکەمان کە ئاواتی لەمێژینەی مام جەلالیش بوو، بتوانین گیانی بەرزەفڕی بەڕێزیان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان شاد بکەین.
مەسرور بارزانی
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.