Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 02:48

نێچیرڤان بارزانى: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ ئاشتى و گفتوگۆ کێشه‌کانى خۆمان چاره‌ بکه‌ین

له‌گه‌ڵ فه‌ڕەنسا و یوئێن لەسەر هێڵین، ئه‌گه‌ر به‌غدا رازى بێت ئێمه‌ بۆ دانوستان ئامادەین
کوردستان TV
100%

سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند، ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌ به‌غدا بێت یان هه‌ر شوێنێكى دیكه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى به‌غدا بكه‌وینه‌ دانووستانه‌وه‌ بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان، چونكه‌ ته‌نیا به‌ گفتوگۆ ده‌توانین كێشه‌كان چاره‌ بكه‌ین. راشیگەیاند کە ئێمە لەگەڵ فەڕەنسا و یوئێن لەسەرهێڵین و ئەگەر بەغدا رازی بێت ئەوا ئێمە بۆ دانوستان ئامادەین.

له‌ میانى به‌شداریكردنى له‌ پرسه‌ى مام جه‌لال تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ ئاشتى و گفتوگۆ كێشه‌كانى خۆمان چاره‌ بكه‌ین. ئه‌وه‌ش په‌یامى ئێمه‌یه‌ بۆ وڵاتانى دراوسێ و به‌غدا و هه‌موو لایه‌ك. ئه‌وه‌ى كورد و پێكهاته‌كانى دیكه‌ له‌ كوردستان كردوویانه‌، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ په‌یامى ئاشتى خۆیان بگه‌یه‌نن بۆ جیهان و ده‌یانه‌وێت به‌ ئاشتى و به‌ دانووستان و دانیشتن له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ كێشه‌كانى خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

سەبارەت بە سنوورەکانیشەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی، هه‌تا ئێستا سنووره‌كان وه‌ك خۆیان كراوه‌ن و ئێمه‌ پێمان وا نییه‌ به‌ داخستنى سنووره‌كان هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌ بكرێت، وڵاتێكى وه‌ك ئێران خۆى قوربانى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سزا و فشارى له‌سه‌ر بووه‌ و سنوورى لێداخراوه‌، بۆیه‌ پێم وانییه‌ پرسى داخستنى سنوور بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ بتوانین به‌ پرۆسه‌یه‌كى دانووستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا بتوانین چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌رى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا،  نێچیرڤان بارزانى گوتى: سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت بۆ ناوبژیكردن له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستپێبكات و ئێمه‌ له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌گه‌ر به‌غداش رازى بێت ئه‌وا ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ له‌ هه‌ر شوێنێك بێت چ له‌ به‌غدا و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ و پێشوازیش ده‌كه‌ین له‌ هه‌وڵى سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ دانووستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێم گوتی: هیوادارین مه‌رگى (مام جه‌لال) ببێته‌ هۆى نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌موولایه‌ك و به‌ مه‌رگى خۆى كه‌لێنێكى گه‌وره‌ى به‌جێهێشت و هیوادارم هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌لێنه‌ گه‌وره‌یه‌ و تا بتوانین ئه‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌ى به‌رۆكى كوردستانى گرتووه‌ تێیپه‌ڕێنین و ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز و یه‌كده‌نگ نه‌بین زۆر زه‌حمه‌ته‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز بین ده‌توانین ئه‌م بارودۆخه‌ تێپه‌ڕێنین.

كوردستان تیڤی / سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.