فازل میرانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەی (مام جەلال) لە شاری هەولێر، به تهلهڤزیۆنی 'وار'ی راگەیاند: "ئێمە لە دۆخێکداین پێویستمان بە یەکڕیزی و ئاشتەواییی سیاسی هەیە، پێویستمان بەوەیە پیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە خاوەنی ئەرزی خۆمانین، هەڵەیەکی وا گەورەمان نەکردووە کە جیهان وا لێمان زیز بێت، بەڵکو پرۆسەیەکی دیموکراتیمان ئەنجام داوە، مافی میللەتانیش دەستێنرێت، کەس ماف بە کەس نادات".
میرانی ههروهها گوتی، ئەو کەلێنەی بەهۆی کۆچی دوایی (مام جەلال) دروست بووە، تەنیا بە ئاشتەواییی سیاسی پڕ دەبێتەوە.
سەبارەت بە رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، له وهڵامی پرسیارێكى تهلهفزیۆنی ڕووداودا دەڵێت: "لە کۆبوونەوەیەکی پێشتر باسی ئەوەمان کردووە، کە ئێمە و یەكێتی بە نیازی رێککەوتنێکی تازەین".
گوتیشی" بە دڵنیاییەوە رێککەوتنەکەی ئێمە و یەکێتی لەپێناوی بەرژەوەندیی کورد و کوردستان دەبێت و بەو هیوایەشم هێزەکەی لە رێککەوتنەکەی پێشوو بەهێزتر بێت".
لەبارەی دەستپێشەخەریی وڵاتان و بە دیاریکراویش فەرەنسا، فازڵ میرانی دەڵێت: "ئێمە هیچ دەستپێشخەرییەک رەت ناکەینەوە، ئێمە پەیڕەوانی هێزی لۆژیکین نەک لۆژیکی هێز، چونکە لۆژیکی هێز لۆژیکێکی کاتییە و رژێمی پێشووی عێراقیش بە هێز قسەی لەگەڵ دراوسێیەکان و گەلی خۆی دەکرد.
لە کۆتاییشدا بینیمان چارەنووسی چی بەسەرهات، بۆیە میللەتان دەبێت بەشوێن هێزی لۆژیک بکەون، حاکمەکانیش بەشوێن لۆژیکی هێز دەکەون، بەڵام لە کۆتاییدا هێزی لۆژیک سەردەکەوێت".
سەبارەت بە بژاری کۆنفیدراڵی بۆ کوردستان فازڵ میرانی گوتی: " کۆنفیدراڵی باشە، بە مەرجێک حاکمەکەی بەغدا بە غەشیممان نەزانێ، دەڵێ کۆنفیدراڵیمان قبووڵە، بەڵام وەرن با دەستوور بگۆڕین بە ویستی ئەو، پاشان بیدەینە پەرلەمان بە زۆرینەی ئەو، پاشان بیخەینە ڕاپرسی بە زۆرینەی ئەو، ئەوەش لای ئێمە ناخوات، ئەگەر دان بە دەوڵەتی کوردیدا بنێن لەسەر کۆنفیدراڵی قسەیان لەگەڵ دەکەین".
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.