ڕۆژی دووشەممە 9ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ڕامۆن بلێکوا باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە لە بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقیا لە یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو.
لەسەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا توانیویەتی سەردانی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبێتەوە.
دواتر سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و سەرجەم ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییانەش کە لەبواری هاوکاری مرۆیی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەڵوێستی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە حەواندنەوەی ئاوارەکان بەرز نرخاند.
هەر لە دیدارەكەدا لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و كاردانەوەكان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا، شاندی یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆیان بۆ ئەوە دەربڕی کە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ میانگیری و دیالۆگ لەنێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت و دەخوازن ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێت.
لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێز ڕامۆن بلێکوا لە ئەرکی نوێی خواست.
لەبارەی هەوڵی نێودەوڵەتییش بۆ ڕێکخستنی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە ئێمە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ڕامانگەیاند کە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی کراوە، ئێستاش کوردستان ئامادەیە بۆ دیالۆگ بە ئەجێندایەکی کراوە و بێ هیچ مەرجێک و کاتیش دەدەین بە گفتوگۆ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.