Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 12:23

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و شاندێکی کونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر کرد

باس له‌ دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و قۆناغی پێش و دوای ڕیفراندۆم و كاردانه‌وه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه‌ كرا
کوردستان TV
#7
100%

  ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10/10/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز سیریل نان باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و شاندێكی كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ له‌ به‌ڕێز كیرت ستۆكڵ ستیلفێرد كونسوڵی گشتی و جێگره‌كه‌ی پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز نان ‌مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ دروستكردنی دیالۆگ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، نیشان دا، هه‌روه‌ها ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له‌ تێكشاندنی تیرۆر و تیرۆرستان و هاوكاریی خه‌ڵك و حكوومه‌ت بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر، به‌رز نرخاند.

دواتر باس له‌ دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و قۆناغی پێش و دوای ڕیفراندۆم و كاردانه‌وه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه‌ كرا و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بارگرژی و هه‌ڵچوونه‌كان له‌ به‌رژوه‌ندیی هیچ لایه‌نێکدا نییه‌ و دیالۆگ و دانوستان باشترین ڕێگه‌‌چاره‌ی كێشه‌كانه‌. هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌رلینیان دووپات كرده‌وه.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و پشتیوانییه‌كانی گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای كرد له‌ بواری مرۆیی و سه‌ربازیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان‌، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌و هۆكارانه‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ وایكرد گه‌لی كوردستان بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بدات، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ ‌ ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو سه‌لماندی ئه‌و سیسته‌مه‌ی له‌ عیراق هه‌بوو شكستی هێنا، بۆیه‌ ده‌بێت بیر له‌ شێوازێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكرێته‌وه.

ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی جددی ‌له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ئه‌جێندایه‌كی كراوه و بێ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ ده‌ربڕی تاكو بتوانرێت بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر و لێكگه‌یشتنێك مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی هه‌ردوولا بێت و سه‌قامگیری و ئارامی به‌دوای خۆیدا بهێنێت و ئاینده‌ی نه‌وه‌ی داهاتوو مسۆگه‌ر بكات، له‌مباره‌یەشه‌وه‌ ڕۆڵی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ پێویست زانی.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.