دادگای فیدرالیی عێراق ڕەتى کردەوە کە هیچ بۆچوونێک لەبارەی لێپێچینەوە لەو پەرلەمانتارە کوردانە بدات کە بەشدارییان لە ڕیفراندۆم کردووە.
ئیاس سامۆک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی دادگای فیدرالیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، وەڵامی داواکارییەکەی پەرلەمانی عێراقی دایەوە لەبارەی لێپێچینەوە لەو پەرلەمانتارانەی بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە و ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ماددەی 93ی دەستوور و ماددەی 4ی یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005 کە دوورکەوتنەوەیە لەو ناکۆکییانەی لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، هەروەها بەپێی حوکمەکانی پێڕەوی ناوخۆیی دادگاکە کە بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 دادەندرێت، بڕیاریان داوە ڕای خۆیان لەسەر داواکارییەکەی پەرلەمانی عێراق نەدەن.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دادگای فیدرالی لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکەی خۆیدا کار بۆ چاودێریکردنی دەستووریەتی یاساکان و بڕیار و ڕێنماییەکان دەکات و ئەو دەقە دەستووری و یاساییانە شی دەکاتەوە کە پێویستە، بۆیه ئەرکی دادگای فیدرالی نییە، بۆچوون لەبارەی نووسراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بدات.
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.