Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 14:40

ڕاگەیێندراوێک لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان

ناوی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان - عێراق گۆڕدرا بۆ ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان
کوردستان TV
100%

بەسەرپەرشتی به‌رێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان - عێراق کۆتاییهات، دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوكرایه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:     

ڕۆژی چوارشەممە 11ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان كۆبۆوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی سەرۆك مام جەلال و گیانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی خولەكێك وەستان و لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە باشترین وەفا بۆ ڕۆحی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان یەكڕیزی و برایەتی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.

پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و كاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقییەكانیان لەبەرانبەر ڕیفراندۆم تاوتوێ كرد و بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشتن:

یەكەم: كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم لەڕووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە. بۆیە كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها ڕەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی.

دووەم: سەپاندنی سزا بەسەر گەلی كوردستان نایاسایی و نابەرپرسیارانەیە و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك ناكات.

سێیەم: كۆبوونەوەكە بە ڕای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیێنێت كە گەلی كوردستان ڕووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت.

چوراەم: ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان بەردەوام بێت.

ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان
11ـی 10ـی 2017

كوردستان تیڤی /  سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.