Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 02:54

بانگەوازێک له‌ نێچێرڤان بارزانییه‌وه‌ بۆ لایەنە عێراقییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
بانگەوازێك له‌ نێچێرڤان بارزانییه‌وه‌ بۆ لایەنە عێراقییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
کوردستان TV
100%

به‌رێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

دوای ئەوەی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ڕۆژی 10/10/2017 لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا هەڕەشەی دەستپێكردنی هێرشێكی سەربازیی سوپا و حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە و كوردستان ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێكە بە مەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەردەوام هێزی زیاتری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دەوربەری شاری مووسڵەوە تا دەوروبەری كەركووك و خانەقین كۆدەكرێنەوه‌.


ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوا لە به‌ڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، هەموو لایەنە عێراقییەكان و هەموو ڕێكخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەكان، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمه‌ریكا، یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەكەین كە ڕۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بكەن بۆ دوورگرتنی ناوچەكە لە شەڕێكی تازە و داوا دەكەین هێزە عێراقییەكان و هیچ هێزێكی دەرەكی هەوڵی دروستكردنی ئەو شەڕە نەدەن، چونكە لێكەوتەی ڕاستەوخۆی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەكە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە لە ناوچەكەدا خۆشدەكاتەوە.


ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو چارەسەركردنێكی ڕاستەقینەی هەموو كێشەكان، ئامادەییی خۆمان بۆ گفتوگۆیه‌كى بنیاتنەرانە نیشان دەدەین و بەرپرسیارێتیی هەر شەڕێك و لێكەوتە خراپەكانیشی دەخەینە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر و فەماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەرێز حەیدەر عەبادی.


داوا لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە كورد و عەرەب و توركمان و كریستیانەكان دەكەین بە ورەیەكی بەرزەوە ئامادە بن بۆ وڵامدانەوەی هەر شەڕخوازییەك و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە پێشمەرگە بكەن بۆ پاراستنی هەموو شارەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی شارەكانمان هاوشێوەی مووسڵ و ئەنبار و شارەكانی دیكەی عێراق تووشی كۆمەڵكوژی و وێرانبوون نەبن، هەروەها داوا لە هەموو حیزب و لایەنەكانی كوردستان دەكەین یەكهەڵوێست بن بۆ پاراستنی ئاشتی و بەرگریكردن لە كوردستان.


شارەكانی هەرێمی كوردستان پەناگەیەك بوونە بۆ لەخۆگرتنی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی شەڕی داعش و شەڕی تایفی لە عێراقدا، زۆر سەیرە حكوومەتی عێراق دەیەوێت بە هێرشی سەربازی، ئارامیی ئەو ناوچانەش تێكبدات.


ساڵی 2014، دوای ئەوەی سوپای عێراق لە كەركووك و ناوچەكانی دەوربەری ڕایكرد و چەكێكی زۆری بۆ داعش جێهێشت، هێزی پێشمەرگە فریای خەڵكی ئەو ناوچانە كەوت و ئه‌وانى لە دەست داعش پاراست، لەو كاتەوە ئەو ناوچانە لە دۆخێكی ئارامی ئەوتۆدا دەژین كە هیچ كاتێك سەقامگیرییەكی بەو شێوەیان بەخۆیانەوە نه‌بینیوه‌، ئه‌مه‌ش بەهۆی فیداكاریی پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان و هاوكاریی خەڵك لەگەڵیان.


چەندین جاریش ڕامانگەیاندووە نابێ هیچ چارەسەرێك دوور لە ویستی دانیشتووان بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێندرێت و دەبێ ئیدارەیەكی خاوەن تایبەتمەندی كە ویستی هەموو پێكهاتەكانی ڕەچاو بكات بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاریكردنێكە.


ئێستاش دووبارەی دەكەینەوە كە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێ هەموو كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، نه‌ك داواكاریى ئێمه‌ بۆ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كۆكردنه‌وه‌ى هێز و سوپا و هه‌نگاونانى عه‌مه‌لى بۆ شه‌ڕ، وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.

 

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
13/10/2017


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.