فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، هه‌ندێ به‌رپرسی یه‌كێتی یارمه‌تیده‌ری ئه‌و پیلانگێڕییه‌ی دژی گه‌لی كوردستان بوونه و خیانه‌تێكی گه‌وره و مێژوویییان له كوردستان و ئه‌و شه‌هیدانه كردووه كه له‌ژێر ئاڵای یه‌كێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووه.
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رایگه‌یاند: به‌ڕه‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 16ـی 10ـی 2017 هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێرانی به فه‌رمانده‌یی ئیقبالپوور و به هاوكاریی هێزه‌كانی عێراقی هێرشێكی به‌رفراوانیان بۆ سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك ده‌ست پێكردووه. ئه‌و هێرشه به ئاشكرا ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕه له‌دژی گه‌لی كوردستان.
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان راشیگه‌یاند: ئه‌و په‌لاماره كه له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقی و حه‌شد و هێزه‌كانی سه‌ر به قه‌رارگای قودسی سوپای پاسداران ئه‌نجام دراوه، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه له خه‌ڵكی كوردستان كه داوای ئازادیان كردووه و تۆڵه‌یه له خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی كه‌ركووك كه هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌یان نواندووه.
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌شڵێ: به داخه‌وه هه‌ندێ به‌رپرسی یه‌كێتیش یارمه‌تیده‌ری ئه‌و پیلانگێڕییه‌ی دژی گه‌لی كوردستان بوونه و خیانه‌تێكی گه‌وره و مێژوویییان له كوردستان و ئه‌و شه‌هیدانه كردووه كه له‌ژێر ئاڵای یه‌كێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووه. ئه‌م چه‌ند به‌رپرسه، هه‌ندێ شوێنی هه‌ستیاریان به بێ شه‌ڕ بۆ هێزه‌كانی حه‌شد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووه و كاك كۆسره‌تیان به ته‌نیا جێ هێشتووه.
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاشكراشیكرد كه ئه‌و په‌لاماره‌ی حه‌شد و هێزه‌كانی عێراقی به چه‌ك و زڕێپۆش و ده‌بابه‌ی ئابرامزی ئه‌مه‌ریكی و چه‌كی تری هاوپه‌یمانان ئه‌نجام دراوه. ئه‌و چه‌كه ئه‌مه‌ریكیانه ده‌مێكه له‌ژێر ناوی شه‌ڕی داعش به سوپای عێراق و حه‌شد ده‌درێت، ئه‌وه له حاڵێكدابوو كه له شه‌ڕی داعشدا پێشمه‌رگه چه‌كی پێویستی پێ نه‌درا بۆ شه‌ڕ و به‌رگری له به‌رانبه‌ر تیرۆریستان‌دا.
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌شڵێت ،لێره‌دا گه‌لی كوردستان له‌وه دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه سه‌رباری بوونی ناپاكی هه‌ندێ به‌رپرس و پیلانگێڕیی حكوومه‌تی عێراق و سوپای پاسدارن به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه له هه‌موو شوێنه‌كان به‌رگرییه‌كی قاره‌مانانه ده‌كات و جه‌ختیش له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه مومكین نییه به پیلانگێڕی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان تێكبشكێت و ڕێگه بده‌ین نه‌یارانی گه‌لی كوردستان سه‌ربكه‌ون.
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ،داواش له هه‌موو پێشمه‌رگه ڕاسته‌قینه‌كانی گه‌ل و وڵات و جه‌ماوه‌ری خۆڕاگر و دوژمن به‌زێن ده‌كات ئه‌وه‌ی له ده‌ستیان بێت بیكه‌ن بۆ به‌رخودان و تێكشكاندنی په‌لامارده‌ران. به‌رپرسی یه‌كه‌می شه‌ڕفرۆشتن به گه‌لی كوردستان حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادییه و ده‌بێ به قورسی باجی ئه‌و زوڵمه‌ی بدات.
كوردستان تیڤی: رزگار تاهیر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.