Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 12:37

وەزارەتی پێشمەرگە: له‌ بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان درێغی ناکه‌ین

وەزارەتی پێشمەرگە: چیتر لەبەرامبەر هێرشەکانی بەغدا بێدەنگ نابین
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی کەریم  شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت کۆبوونەوەی فراوانی ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە پوختەییەکی سەبارەت بە رووداوەکانی دوێنێ شەوی باشووری کەرکووک بۆ ئامادەبووان باسکرد و روونیکردەوە کە ئەمە پلانی ھێرشکاری و دوژمنکارانەی حەشدی شەعبی و سوپا و پۆلیسی ئیتیحادی عێراقە لەدژی خەڵکی کوردستان و ئەو ئارامی و ئاسایشەی کە لەسایەییدا تەواوی پێکھاتە جیاوازەکان و ئاوارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق حەوابوونەوە.

وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند کە حەشدی شەعبی و و سوپا بە ‌چەکی پێشکەوتووی ھاوپەیمانان جارێکی دیکە ھێرشی سەر ناوچە کورد نشینان و باشووری کەرکووک دەکەن و ھیچ بەھایەکیان بۆ سەروەری یەکڕیزی خاک و گەلی عێراق نەھێشتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بۆخۆیان بەردەوام باس لە پێشێلکردنی دەستوور و پێکەوەژیان لە وڵاتەدا دەکەن.

ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان چیتر بێدەنگ نابێت و لە بەرگریکردن لەخاک و خەڵکی کوردستان درێغی ناکات، جاڕدانی ئەم جەنگەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و فەرماندە سەربازییەکانی عێراق و ئەوانەشی کە پاڵپشتیان دەکەن.

لە ‌بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە نیگەرانی دەربڕی بەو بڕیارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە داخستنی سنوورەکان، ئەم ھەڵوێستەشی بە گەمارۆی سەر خەڵکی کوردستان ناوبرد، ھەروەھا داواشی کرد کە حکومەتی عێراقی ھەوڵ بدەن لە رێگای گفتوگۆوە کێشە سیاسییەکانیان لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بکەن ئەگەرنا ئەو دۆخەی کە ئێستا لە باشووری کەرکووک خوڵقاندویانە وەک خۆی نامێنێتەوە.

لە ‌کۆتایی کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست کە کێشە سیاسییەکانی عێراق بە گفتوگۆ و رێگە چارەی شیاو چارەسەر بکرێن و ھیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر شەڕ و تەقەکردن.

ھەروەھا راشیگەیاند کە ئەوان بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە ھەر پێشھاتێکدا ئاگاداری سەرووی خۆیان دەکەنەوە.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.