Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 21:06

کۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: چه‌ند که‌سێکی لاده‌ر و کاڵفام له‌ یه‌کێتی به‌ سه‌رشۆڕی چوونه‌ نێو مێژووه‌وه‌

هه‌رچی زووه‌ هیممه‌ت بكه‌ین و ناوماڵی خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌
کوردستان TV
100%

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی، له‌ په‌یامێكدا رایده‌گه‌یێنێ: ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ئه‌نفالێكی دیكه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كورد و چه‌ند كه‌سێكی لاده‌ر و كاڵفام له‌ یه‌كێتی به‌ سه‌رشۆڕی چوونه‌ نێو مێژووه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌ ..

جه‌ماوه‌ری دڵسۆز و خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

پێشمه‌رگه‌ ئازا و گیان له‌سه‌رده‌ستی كوردایه‌تی

لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ كوانووی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان له‌ مێژووی ده‌یان ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا له‌پێناوی ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی ئازاد و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ به‌ به‌رده‌وامی بڵێسه‌ی سه‌ندووه‌ و نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ په‌یامی پیرۆزی خۆی گه‌یاندووه‌ , هه‌تا ئه‌مڕۆ كه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ ده‌ستی ئێمه‌ له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندین سه‌ركرده‌ی جوامێر و ده‌یان هه‌زار لاو و مێرخاسی خۆی كردۆته‌ قوربانی و به‌ سه‌ربه‌رزی یه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی پێ نه‌خشاندووه‌ .

تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌وه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ گه‌لی كوردستان له‌جیاتی هه‌موو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا له‌ به‌رامبه‌ر دڕنده‌ترین گروپی تیرۆریستی وه‌ستایه‌وه‌ و هه‌ره‌سی به‌و پلانه‌ گڵاوه‌یان هێنا كه‌ ده‌توانن ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی بوه‌ستێنن و بمانگێڕنه‌وه‌ بۆ چاخی به‌ردین وسه‌رده‌مانی جاهیلیه‌ت .ئێستا له‌ كاتێكداكه‌ ناو و ناوبانگی جوامێرانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ جوانی له‌ گوێ ی ته‌واوی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی دونیا ده‌زرنگێته‌وه‌ و كه‌سانێك نه‌ماوه‌ له‌ م جیهانه‌ به‌رینه‌دا ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌  له‌سه‌ر زار نه‌بێت , له‌ پاداشتی ئه‌وه‌دا گه‌لی كوردستان له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دابوو كه‌ كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی و دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ بۆ بونیادنانی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوومان , گوێمان لێبگرن و ڕێز له‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌مان بگرن , به‌ڵام مه‌خابن له‌ بری ئه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان كردینه‌وه‌ و جارێكی تریش ئه‌و ڕاستیه‌یان سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ ( نه‌ته‌وه‌ی كورد بێجگه‌ له‌ چیاكانی خۆی هیچ دۆستێكی تری نیه‌ ) , به‌ جێهێشتنی گه‌له‌كه‌مان به‌ ته‌نها له‌به‌رده‌م هێرش و په‌لاماردانه‌كانی میلیشیا ی حه‌شدی شه‌عبی و یه‌كه‌كانی سوپای عێراق و ڕووداوه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابووردوو له‌كه‌ركوك وناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تر و قه‌تلوعامكردنی هاوڵاتیانی كورد له‌ شاری دوزخورماتوو و جێگاكانی تر و ده‌ركردنیان و سوتاندنی ماڵوحالیانو به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانیان بێجگه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌نفالێكی تری كورد له‌سه‌ر زێدی بابو باپیری خۆی هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر هه‌ڵناگرێت .

به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر برینه‌كه‌ به‌ سوێ ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ند  كه‌سێكی لاده‌ر له‌ ڕێبازی یه‌كێتی    به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌مان له‌م ڕووداوانه‌دا به‌ مه‌به‌ستی چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی كاتی شه‌خسی ده‌بنه‌ هاوكار و ده‌ستكێشی داگیركه‌ران و به‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌یان سه‌رشۆڕانه‌ خۆیان ده‌خزێننه‌ ناو لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌كانی مێژووی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ .

دڵسۆزان و غه‌مخۆرانی كوردایه‌تی..

ئێمه‌ وه‌ك خۆمان به‌ شاهیدی هه‌موو لایه‌ك له‌وه‌ی هێزمان به‌سه‌ریدا شكا و له‌ده‌ستمانهات بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان له‌ كه‌ركوك و جێگاكانی تر و به‌ ئامانجی له‌ده‌ستنه‌دانی ده‌ستكه‌وته‌ ستراتیژیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجاممان داو درێغیمان نه‌كرد , به‌ڵام دیاره‌ سه‌ره‌ڕای گه‌له‌كۆمه‌كێ ی ده‌وروبه‌ر , نابه‌رابه‌ری له‌ هێز و دڕنده‌یی شێوازی له‌شكركێشیه‌كه‌ له‌ پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانه‌ی ده‌سته‌ ڕه‌شه‌كانی ناوخۆ كه‌ بوو به‌ هۆكاری چۆڵكردنی به‌شێكی كاریگه‌ر له‌ سه‌نگه‌ره‌كان و چۆڵكردنی پشتی هێزه‌كان به‌ قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كه‌ ئه‌مجاره‌ش ڕووداوه‌كان به‌ قازانجی گه‌له‌كه‌مان و به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كانمان نه‌شكێته‌وه‌ و به‌شێكی گرنگ له‌ ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كانی گه‌لی كورد له‌ده‌ست بچێت .

سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌رچی زیانه‌كان له‌ڕووی له‌ده‌ستدانی ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ له‌ ئێستادا زۆر گه‌وره‌ن و ئۆباڵی كاره‌ساته‌كانی كه‌ركوك و دوز و هه‌موو زیانه‌ گیانی و مادی و مه‌عنه‌ویه‌كانی تری گه‌له‌كه‌مان ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و كاڵفامانه‌ی ناو یه‌كێتی, به‌ڵام پێمان وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ كۆتایی ڕێگا نیه‌ و ئیراده‌ی ئازادیخوازانه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ كه‌وتنانه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی نه‌رمبووه‌ بۆیه‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ وچوونه‌وه‌ پێش كارێكی زه‌حمه‌ت نیه‌ , ئێمه‌ش بۆ ئه‌و ئامانجه‌ هه‌میشه‌ پێشمه‌رگه‌ی به‌وه‌فای ڕێبازی شه‌هیدانین و ووره‌مان ووره‌ی ڕۆژگاره‌سه‌خته‌كانی خه‌باته‌ و له‌هه‌ر كاتێكی تر جه‌سوورانه‌تر و دڵسۆزانه‌ تر و به‌ بیر و هۆشێكی كراوه‌تره‌وه‌ شان ده‌ده‌ینه‌ به‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ مێژووییه‌ی كه‌ خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان و خوێنی به‌ناهه‌ق ڕژاوی شه‌هیده‌كانمان پێیان سپاردووین .

لێره‌شه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی ته‌واوی هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كان ده‌كه‌م هه‌رچی زووه‌ هیممه‌ت بكه‌ین و ناوماڵی خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌و عیبره‌ت له‌ ڕووداوه‌كان وه‌ربگرین , یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌مان بپارێزین و تۆكمه‌ی بكه‌ین , چونكه‌ ته‌نها و ته‌نها ئه‌وه‌ تاكه‌ڕێگای هێزدانه‌به‌ری خه‌بات و كوردایه‌تی یه‌ .

دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كورد و كوردستان

سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان

بژی كورد، بژی كوردستان

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی

جێگری سكرتێری گشتی

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

18/10/2017

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.