Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 02:22

هۆشیار زێباری: 90 هەزار کەس لە کەرکووک ئاوارە بوون

ئاوارەكردنی 90،000 كورد لە كەركووك پاكتاوی رەگەزیە
کوردستان TV
100%


هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد تا ئێستا 90 هەزار كوردی كەركووك شارەكەیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوون، ئەمەش دوای ئەوەی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانەوە بە هاوكاری هێزێكی یەكێتی داگیر كرا.

زێباری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیویەتی "كۆچێكی گەورەی كوردانی كەركووك بەهۆی ڕووبەڕوونەوەی هەڕەشە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، شارەكە بەجێدێڵن.

هەروەها ئەوەشی نووسیوە كە "كۆچی بە كۆمەڵی كوردانی كەركووك بەرەو هەولێر و سلێمانی بەهۆی ترسیانە لە میلیشیاكانی هێزی ئەمنی ناوەخۆ و حەشدی شەعبی.

گوتیشی ئاوارەكردنی 90،000 كورد لە كەركووك پاكتاوی رەگەزیە.


لەمبارەیەوە تیكیدا ئەلیمۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو كە ئەنجوومەنەكە لە بەرانبەر دۆخی كەركووك و هەڵاتنی هەزاران كورد لە شارەكە هەڵوێستی دەبێت.

له‌لایكی دیكه‌وه‌ د. دیندار زێباری، سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند: ''لە دوای ڕووداوەكانی شاری كەركووك ژمارەیەك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پێشێلكاریی زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتییانی شارەكە ئەنجام دا، بۆیە زۆر لە هاووڵاتییانی كوردی پارێزگای كەركووك ناچار بوون ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ڕوویان لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دەوروبەری، بۆیە پێمان سەیرە، كە بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا باس لەوە دەكات، بارودۆخی شارەكە ئارامە و ئەو هاووڵاتییانەی كە شارەكەشیان جێ هێشتووە، دەستیان بە گەڕانەوە كردووە.''

سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوە كرد، بە دەیان هەزار هاووڵاتیی كوردی دانیشتووی كەركووك شارەكەیان جێ هێشتووە و لەم بارەوە گوتی: ''بە هۆی ئەو ڕووداوانەی لە شارەكەدا ڕووی دا، لە ڕۆژی سێشەممەی ڕێكەوتی 17/10/2017  بە دەیان هەزار هاووڵاتی ڕوویان لە شاری هەولێر كرد و و بۆ ڕۆژی دواتریش هاتنی ئاوارەكان بەردەوام بوو و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێی توانای خۆیان یارمەتیی ئەو ئاوارانەیان داوە، ئەمە لە كاتێكدایە، كە هاتنی ئاوارەكان بە بەرچاوی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوەکانەوە بوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەك یارمەتییان نەداون و بێدەنگ بوون بەرامبەر بەو كارەساتە، لە كاتێكدا ئەمە ئەركی ئەم ڕێكخراوانەیە، بەپێچەوانەوە بەرپرسی پێوەندییەكانی ڕێكخراویUN بو كاروبارى مرۆیى لە بەغدا باس لەوە دەكات، كە ئەو كەسانەی ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە، دەستیان كردووە بە گەڕانەوە بۆ نێو شاری كەركووك.''

زێباری ئەوەیشی ڕاگەیاند: ''ئێمە دووچاری سەرسووڕمان بووین بەرامبەر بە بێدەنگیی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و بێهەڵوێستیان بەرامبەر بە ڕووداوەكانی كەركووك، بۆیە ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەو لێدوانەی بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا دەكەین و دووپاتی دەكەینەوە، كە ئەوە تەواو پێچەوانەی دۆخی هاووڵاتییە كوردەكانی شاری كەركووكە، كە ڕووبەڕووی كارەسات و هەڕەشەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بوونەتەوە و نەگەیاندنی واقعی حاڵە بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و زیاتر لێدوانێكی سیاسییە، لە كاتێكدا كە ئەركی ئەم ڕێكخراوانە ئەوەیە، لە نزیكەوە ڕووداوەكان ببینن، چونكە جگە لە ئاوارەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی شاری كەركووك، چەندین پێشێلكاریی مافی مرۆڤ بەرامبەریان ڕووی داوە.''

دیندار زێباری لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ''ئێمە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین، كە بە هانای دانیشتووانی شاری كەركووكەوە بێن و سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكان دابنێن. لە هەمان كاتدا یارمەتی و هاوكاریی پێویست ڕاسستەوخۆ پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن، چونكە پێ دەچێت ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نەك تەنیا ئامادە نین، یارمەتیی ئاوارەكان بكەن و بە هانایانەوە بچن، بەپێچەوانەوە ڕاستییەكانیش چەواشە دەكەن و لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەشارنەوە، چونكە ئەو ئاوارانە پێویستیان بە هاوكاریی خێرای كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.

ئا: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.