Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 02:52

لاڤرۆڤ: پێویسته‌ عێراق داواکارییەکانی کورد بەدی بهێنێت

دوای کۆبوونەوەی سیرگی لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی، ئیبراهیم جەعفەری
کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ هیوای خواست پێکدادان لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونەدات و رایگەیاند: پێویستە بە دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی عێراق، کورد کێشەکانی چارەسەر بکات و داواکارییەکانی بەدی بهێنێت.

وەزیری دەرەوەی رووسیا لەپاڵ وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پشت لە کورد ناکەن و پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ هەولێر بەردەوام دەبن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، رۆژی دووشەممە 23-10-2017 لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی رۆژنامەڤانانیان دایەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد لە ناوچەکە گرنگی زۆر لە خۆ دەگرێت و گوتی: بەڵام پێویستە بە رێگای دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی عێراق کورد کێشەکانی چارەسەر بکات و داواکارییەکانی كورد بەدی بهێنێت.

رەتیشیکردەوە کونسوڵخانە لە هەولێر دابخەن و رایگەیاند، کونسوڵخانەکەیان لە کارەکانی خۆی بەردەوامدەبێت و رێنمایی لە باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەغدا وەردەگرێت.

وەزیری دەرەوەی رووسیا راشیگه‌یاند، پشت لە کورد ناکەن و پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ هەولێر بەردەوام دەبن.

لاڤرۆڤ رووداوەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی وەک "جەنگ" لە قەڵەم نەدا و گوتی: "هیوادارین پێکدادان لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونەدات. هەردوولا دەبێت خۆیان بڕیار بدەن لەبارەی ئەوەی کە راستەوخۆ دەست بە دیالۆگ دەکەن یاخود پێویستیان بە نێوەندگیرە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاڤرۆڤ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پلانیان بۆ ئەوە داناوە چالاکی کۆمپانیا رووسییەکان سەرتاسەری عێراق بگرێتەوە بە تایبەت هەرێمی کوردستان وەک پارچەیەکی عێراق کە خاوەن ستاتۆی تایبەتە.

ئا: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.