Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 05:52

مه‌کته‌بی سیاسی (پ.د.ک) بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا په‌یامێکی بڵاوکرده‌وه‌

مامۆستا (عه‌لی عه‌بدوڵڵا) مودافعێكی سه‌رسه‌ختی یه‌كڕیزی نێو هێزه‌ سیاسییه‌كان و یه‌كده‌ستی میلله‌ت بوو
کوردستان TV
100%

 لە ڕاگەیێندراوێکدا، پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌واڵی كۆچی دوایی (مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵڵا) راده‌گه‌یێنێ، ئەمە دەقەکەیەتی:

بسم الله الرحمن الرحیم

(من المۆمنین رجال صدقوا ما عاهدوا الله علیه فمنهم من قچى نحبه و منهم من ینتڤر و ما بدلوا تبدیلا)
صدق الله العڤیم

هاووڵاتیانی به‌ڕێز

كادیر و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری پارتیمان..

به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی دوایین ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ر و جێگری پێشووی سه‌رۆكی پارتیمان و سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و تێكۆشه‌ری دیاری كوردایه‌تی و دڵسۆزی رێبازی بارزانی، هه‌ڤاڵ و مامۆستامان (عه‌لی عه‌بدوڵڵا) راده‌گه‌یه‌نین.

هه‌ڤاڵ (عه‌لی عه‌بدوڵڵا) ته‌مه‌نێکی پراوپڕ له‌ خه‌بات و تێكۆشانی سه‌رڕاسته‌نه‌ و خۆنه‌ویستانه‌ی پاك و بێگه‌رد بوو. پێش دامه‌زراندنی پارتیش، له‌ چه‌ندین ته‌شكیلات و هه‌یئاتی سه‌ره‌تاكانی خه‌باتی كوردایه‌تیدا، به‌شدار و خاوه‌ن رۆڵ بووه‌. كاروانی تێكۆشانی له‌ ریزه‌كانی پارتیماندا له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا كۆتایی ته‌مه‌نی. له‌و كاروانه‌ دوور و درێژه‌شدا وه‌ك تێكۆشه‌رێكی مه‌بده‌ئی و به‌ دیسپلین و باوه‌ڕ پۆڵایین و خۆڕاگر هاته‌ ناسین و بۆیه‌ش له‌ ریزه‌كانی پارتی و له‌ لای نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ی تێكۆشه‌رانی پارتی به‌ حه‌ق نازناوی (مامۆستا)ی پێ ره‌وا بینرا.

مامۆستا له‌ هه‌موو هه‌وراز و نشێوه‌كاندا، له‌ سه‌ركه‌وتن و شكستدا، له‌ شه‌ڕ و ئاشتیدا، له‌ پێشمه‌رگایه‌تی و ئیداره‌ی ووڵات و به‌شداریی حوكمڕانیدا، هه‌میشه‌ نموونه‌ی دڵسۆزی و لانه‌دان و نموونه‌ی پیاوی پاك و مه‌بده‌ئی و جێگای رێزی دۆست و دوژمن بوو. سیاسه‌توانێكی رۆشنبیر و به‌ئاگا و قاڵبووی مه‌یدانه‌ جیاجیاكانی شێوازه‌كانی تێكۆشان بوو.

هه‌ڤاڵی نه‌مرمان، نموونه‌یه‌كی به‌رزی وه‌فا و سه‌ر راستی و دڵسۆزی بوو بۆ پارت و رێبازه‌كه‌ی، له‌ رۆژانی دژوار و سه‌ختدا، سوورتر له‌ رۆژانی فه‌ره‌حی، پشت و په‌نای (بارزانی باوك) و (كاكه‌ ئیدریس)ی ره‌حمه‌تی و سه‌رۆك (مه‌سعوود بارزانی) بوو، یه‌كێك بوو له‌و تێكۆشه‌ره‌ ووره‌به‌رزانه‌ی له‌ رۆژانی نسكۆ و نائومێدیدا، ئومێدبه‌خش و دڵنه‌وای پێشمه‌رگه‌ و كادیران و ئاواره‌كان بوو. تا دوا رۆژه‌كانی ته‌مه‌نیشی هه‌ر به‌و وه‌فا و یادگاره‌وه‌ مایه‌وه‌ و پاراستی.

(مامۆستا عه‌لی) هه‌میشه‌ په‌رۆشی دیسپلینی پارتایه‌تی و تۆكمه‌یی ریزه‌كانی ناوخۆ و پته‌وی ركخستنه‌كان و ساغڵه‌می ژیانی نێوخۆیی پارتایه‌تی بوو، له‌وه‌یاندا مامۆستا و رێنیشانده‌ری هه‌مومان بوو. باوه‌ڕی وابوو حزب بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ پیرۆزه‌كانی راپه‌ڕێنێ، ده‌بێ له‌ نێوخۆدا سه‌لامه‌ت و به‌ دیسپلین و رێگ و پێك بێت.

مامۆستا (عه‌لی عه‌بدوڵڵا) مودافعێكی سه‌رسه‌ختی یه‌كڕیزی نێو هێزه‌ سیاسییه‌كان و یه‌كده‌ستی میلله‌ت بوو. ناحه‌ز و دوژمنی لێكترازان و ته‌فره‌قه‌ و ململانێی نێوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریی كوردستان بوو. ئامۆژگاری بۆ هه‌موان و پێش هه‌موانییش بۆ پارتییه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ كورد به‌ بێ یه‌كگرتن و یه‌ك دڵی و یه‌ك بڕوایی قه‌ت ناگات به‌ مه‌قسه‌د .. هه‌میشه‌ش ده‌یگوت ئه‌وه‌ ئامۆژگاری منه‌ و (به‌ قسه‌م ده‌كه‌ن زه‌ریفه‌ و ناكه‌ن به‌ڵا له‌ خۆمان).

مامۆستا (عه‌لی عه‌بدوڵڵا‌) زاهیدانه‌ و پاك و بێ فیز و ساده‌ ژیا، باره‌گایه‌كی حزبه‌كه‌ی به‌ هه‌موو كۆشك و ته‌لاری دنیا نه‌ده‌گۆڕییه‌وه‌ و خۆشییه‌كانی ژیان قه‌ت سه‌رنجی رانه‌كێشا. تا ته‌ندروستی و ته‌مه‌ن رێگه‌ی دابوو، به‌ ته‌نگ كادیرانی گه‌نج و به‌هره‌داری حزبه‌وه‌ بوو، به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ نرخ و به‌های ئه‌وانی بۆ ئاینده‌ و نوێبونه‌وه‌ی پارتی ده‌ڕوانی. مه‌جلیسی ئه‌و هه‌میشه‌ جێگه‌ی به‌ یه‌كگه‌یشتنی تێكۆشه‌رانی دێرین و لاوانی تازه‌هه‌ڵكه‌وتووی پارتی بوو. جێگه‌ی گفتوگۆ و شه‌ن و كه‌وی هه‌موو باس و خواسێك بوو.

مامۆستا و هه‌ڤاڵی نه‌مرمان، بۆ ئێمه‌ی پارتییه‌كان یادگاری زیندوی سه‌ره‌تاكانی شۆڕش و سیمبولی به‌رده‌وامی و خه‌باتی بێ پسانه‌وه‌ و نمونه‌ی كۆڵنه‌دان و ره‌مزێك بوو بۆ ژیان ته‌رخانكردن و خۆ به‌قوربانكردنی ووڵات و میلله‌ت و مه‌سه‌له‌ی ره‌وای گه‌ل.

له‌ كۆچی دوایی مامۆستای نه‌مر و هه‌ڤاڵی دێرین و تێكۆشه‌ری ره‌مز مامۆستا (عه‌لی عه‌بدوڵڵا)دا، به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆمان و له‌ خانه‌واده‌ و خزمان و له‌ یه‌كه‌یه‌كه‌ی كادرو ئه‌ندامانی پارتیمان و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین.

ئاسوده‌یی و به‌هه‌شتی به‌رین بۆ رۆحی پاكی ده‌خوازین و دوعاكارین خوای گه‌وره‌ بیخاته‌ به‌ر ره‌حمه‌ت و دلۆڤانی خۆی.

به‌ڵێن ده‌ده‌ین رێگای به‌رنه‌ده‌ین و وه‌ك ئه‌و به‌رگه‌ی هه‌موو سه‌ختی و دژوارییه‌ك بگرین و ئامۆژگارییه‌كانیشی بكه‌ینه‌ رێنوما.

هه‌رازان هه‌زار سڵاو له‌ مامۆستا و هه‌ڤاڵمان (عه‌لی عه‌بدوڵڵا)ی نه‌مر و رێگای هه‌میشه‌ پڕ رێبوار بێت.
انالله وانا الیه راجعون

مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان

2017/10/24

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.