Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 08:04

ئەمنیستی نێودەوڵەتی: میلیشیکانى حه‌شدى شه‌عبى تاوانى زۆر قیزه‌ونیان له‌ خورماتوو ئه‌نجامداوه‌

ژیانی چەندین ژن و منداڵ و پیاو لە قەزاکە وێران بووە
کوردستان TV
100%

ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕووداوەکانی دوزخورماتووەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ژیانی چەندین ژن و منداڵ و پیاو لە قەزاکە وێران بووە.

ڕێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى (ئه‌منستی ئینته‌رناشیونال) ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24/ 10/ 2017 له‌ ڕاپۆرتێكیدا ئاشكراى كرد، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، له‌هه‌فته‌ى ڕابردووه‌وه‌ تاوانى زۆر قیزه‌ونیان له‌ خورماتوو و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌ریدا، ئه‌نجام داوه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرتێكی نوێیدا، ڕای گه‌یاند: "مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان له‌گه‌ڵ شایه‌تیدانى دانیشتووانى ناوچه‌كه‌، ده‌ریده‌خه‌ن، دواى شه‌ڕ و پێكدادانه‌كه‌ى ئه‌م دوواییه‌، هاووڵاتیانى سڤیل ناچاركراون ماڵ و حاڵى خۆیان جێبهێڵن و هه‌ڵبێن".
 
به‌پێی لێدوانى دانیشتووانى شاره‌كه‌، له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌ هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كان كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر ماڵ و موڵكى دانیشتووانه‌ كورده‌كه‌، لانى كه‌م 11 هاووڵاتى سڤیل شه‌هیدكراون.  

له‌ 16ى ئه‌كتۆبه‌رى 2017، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى به‌هاوكارى سوپای پاسدارانى ئێران و حزبوڵڵاى لوبنانى و به‌چاوساغى كه‌سانێكى نێو لایه‌نێكى سیاسی، هێرشیان كرده‌ سه‌ر كه‌ركووك خورماتوو و خانه‌قین، تائێستاش به‌رده‌وامن له‌ پیلانه‌كه‌یان.

لین مالوف به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منێستی ئینته‌رناشنال له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وتی (له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا ژیانی بێ ئه‌ژمار له‌ پیاو و ژن و منداڵ له‌ تووز خورماتو وێران بوو. هه‌زاران كه‌س خانوو و دوكان و هه‌رچی هه‌یان بوو له‌ده‌ستیان دا. ئێستا سه‌رگه‌ردان بوون له‌ كه‌مپه‌كان و گونده‌كان و شاره‌كان و نازانن ئاخۆ هه‌رگیز جارێكی تر ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.)

له‌ ماوه‌ى نێوان 18 و 23ى ئه‌م مانگه‌، ڕێكخراوى (لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى) چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ 42 كه‌س له‌ دانیشتووانى خورماتوو كردووه‌، كه‌ له‌ شاره‌كه‌یان هه‌ڵاتبوون، هه‌روه‌ها شیكردنه‌وه‌ى بۆ زۆر وێنه‌ و گرته‌ ڤیدیۆیی كرد، كه‌ دانیشتووانى ناوچه‌كه‌ پێشكه‌شیان كردبوو، تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت، زیانێكى زۆر به‌ر خانووه‌كان و موڵكه‌كانى تر كه‌وتووه‌ كه‌ به‌شێكیان سووتێنراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ تاڵانكردنى به‌شێكى تر و ته‌قاندنه‌وه‌ى چه‌ند خانوویه‌ك.

ڕێكخراوه‌كه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ ئاواره‌كانى خورماتوو له‌ دۆخێكى زۆر دژواردان و حكوومه‌تى عێراقیش هیچ كارێكى بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و جۆره‌ ده‌ستدرێژییانه‌ بۆ سه‌ر كورد، نه‌كردووه‌.

هه‌روه‌ها پێشتریش نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هیومه‌ن ڕایتس ۆچ، ڕایانگه‌یاند، كه‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، تاوانى قیزه‌ونیان له‌ خورماتوو و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى ئه‌نجام داوه‌.

ئا: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.