Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 16:13

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی سوید له‌ عیراق داکۆکی له‌ گرتنه‌به‌ری دیالۆگ ده‌که‌نه‌وه‌

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێگه‌ی چه‌ندین په‌یامی فه‌رمییه‌وه‌ پاڵپشتیی خۆیان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ ده‌ربڕیوه‌
کوردستان TV
100%

 
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26/10/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز بۆنتۆس میلانده‌ر باڵیۆزی نوێی وڵاتی سوید له‌ عیراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز میلانده‌ر سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ی كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك باڵیۆزی سوید له‌ به‌غدا.

نیگه‌رانیی خۆیشی به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ نیشان دا كه‌ دوو هه‌فته‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ڕوویان داوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ڕ و پێكدادان دروست بوون و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی سڤیل ئاواره‌ بوونه‌، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك دان به‌خۆیاندا بگرن و هه‌وڵ بدرێت به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ به‌ڕێز باڵیۆزی نوێی سوید له‌ عیراق خواست له‌ كار و ئه‌ركه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش‌ دا له‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا ‌ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی سڤیل ئاواره‌ بوونه‌ و كوشتاری لێكه‌وتۆته‌وه‌ و گرژییه‌كی زۆری له‌ سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی عیراق دروست كردووه‌.

به‌ڕێزیان دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌ڕی به‌ دیالۆگ هه‌بووه‌ و ئێستاش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و گرژی و توندوتیژیانه‌ پرسه‌كان چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ست به‌ گفتوگۆ بۆ چارسه‌ركردنی كێشه‌كان بكه‌ن، داواشی كرد كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فشار بخاته‌ سه‌ر به‌غدا بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و گرژی و جموجۆڵه‌ سه‌ربازییانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامی ده‌دات و زه‌مینه‌سازی بۆ دروستكردنی گفتوگۆیه‌كی جددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن.

هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێگه‌ی چه‌ندین په‌یامی فه‌رمییه‌وه‌ پاڵپشتیی خۆیان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ ده‌ربڕیوه‌ و دوا جاریش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ڕاگرتنی ده‌ستبه‌جێی شه‌ڕ و سڕكردنی ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی جددی، په‌یامێكی بۆ ڕای گشتی عیراق و كوردستان و جیهان ڕاگه‌یاند.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.