Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 02:24

ئومێد خۆشناو: سەرۆک بارزانی لە دژایەتی و شەڕی تووندڕۆیی ئیراهاب سوورترو گەرموگوڕتر دەبێت

راگه‌یه‌ندراوی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
کوردستان TV
100%

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی نامەکەی سه‌رۆك بارزانی و دەسەڵاتەکانی بەسەر دامەزراوە فەرمییەکاندا، راگەیێندراوێکی خوێندەوە و رایگەیاند: سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە رایگەیاندووە کە پیرۆزترین پێگەو ناونیشان بۆ بە جەنابیان تەنها و تەنها پێشمەرگایەتی کوردستانە.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، بۆیە خەڵکی کوردستان شایەدی بۆ ئەوە دەدەن جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هێزی بە پۆستی سەرۆکی هەرێم بەخشیبوو نەک بە پێچەوانەوە، گەورەترین شانازی بە هەموو گەلەکەمان ئامانجە پیرۆزەکانی کە جەنابی سەرۆک جەختی لەسەر کردەوەو گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە لە 25ی ئەیلوولی پیرۆز نەخشی سەرکەوتن و چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی نووسییەوە.

دەقی راگەێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە رایگەیاندووە کە پیرۆزترین پێگەو ناونیشان بۆ بە جەنابیان تەنها و تەنها پێشمەرگایەتی کوردستانە، کاتی خۆشی کە جەنابیان قبووڵی کرد پۆستی سەرۆکی هەرێم وەربگرێت ئامانجی بوو نێوماڵی کوردستان رێکبخاتەوە، ئامانجی بوو پێگەی دیپلۆماسیەتی کوردستاب بگەیێنێتە ئەو شوێنەی کە گەلی کوردستانیش وەک هەموو گەلانی دونیا خاوەن پێگەو شوێنی خۆی بێت، فعلەن هەرواشیکرد.

بۆیە خەڵکی کوردستان شایەدی بۆ ئەوە دەدەن جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هێزی بە پۆستی سەرۆکی هەرێم بەخشیبوو نەک بە پێچەوانەوە، گەورەترین شانازی بە هەموو گەلەکەمان ئامانجە پیرۆزەکانی کە جەنابی سەرۆک جەختی لەسەر کردەوەو گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە لە 25ی ئەیلوولی پیرۆز نەخشی سەرکەوتن و چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی نووسییەوە.

لە ساڵی 2013 کاتێک ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم درێژکرایەوە ئەوکات جەنابیان هەڵوێستی خۆی راگەیاندو هەرگیز لەگەڵ ئەو درێژکردنەوەیە نەبوو، لە ساڵی 2015 جەنابی سەرۆک بەپێی ئەرکی یاسایی خۆی داوای لە کۆمسیۆن کرد کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوکات کۆمسیۆن رایگەیاند، کە ناتوانن لە وادەی خۆیان هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

لەبەر بارودۆخی شەڕی داعش و سەرکردایەتیکردنی بەرەکانی جەنگ جەنابی سەرۆک قبووڵیکرد ئەو ماوەیە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا بەردەوام بێت.

سوپاس بۆ خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، سوپاس بۆ خودای گەورە لەژێر فەرماندەیی جەنابیان پێشمەرگە توانی گەورەترین سەرکەوتن بەسەر داعش و تیرۆر تۆمار بکات.

دیسان جەنابی سەرۆک بەپێی ئەرکی یاسایی خۆی لە 1/11/2017ی دەستنیشانکرد وەک رۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، دیسان لەبەر هۆکاری تەکنیکی و ئەمنی و سیاسی و نەبوونی کانید هەڵبژاردنەکان نەکران و پەرلەمان لە رۆژی 24-10-2017 دوو خوولی گرێدانی تەمەنی خۆی درێژکردەوە.

هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە جەنابی سەرۆک دەیتوانی بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا بەردەوام بێت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خوولی پێنجەمی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام دیارە جەنابیان رەتیکردووەتەوە بەردەوام بێت، بۆیە بەردەوام نەبوونی جەنابی سەرۆک لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لە پێگەو کەسایەتی و کاریزمایی و سیاسی ئەو بۆ خزمەتی گەلەکەمان کەمناکاتەوە.

سەرۆک مەسعود بارزانی هەر خۆی بەبێ هیچ پۆستێکی سیاسی و ئیداری هەمیشە پشتیوانێکی بەهێز و گەورەیە بۆ ئیرادەی گەلەکەمان، ئیرادەی خەڵکی کوردستان، ئیرادەی بەیەکەوەژیان، ئیرادەی چەسپاندنی دیموکراسیەت، ئیرادەی چەسپاندنی مافەکان، ئیرادەی گەیشتن بە ئامانجەکان، بۆیە دڵنیایی دەدەینە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان کە جەنابی سەرۆک وەک سەرکردەی کاریزمی کردەیی مێژووە لە خزمەتی کوردستان بەردەوام دەبێت وەک پێشمەرگەیەک لەگەڵ پێشمەرگە دەبێت. دڵنیابن تا سەرکەوتنی یەکجاری لەگەڵ گەل و میللەتەکەی خۆی بەردەوام دەبێت بەرەو سەرکەوتن.

ئەوەی ئەمڕۆش لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بەسەر دامەزراوە یاساییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بۆیە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دڵنیا دەکەینەوە لە:

1. سەرۆک مەسعود بارزانی هەر پێشمەرگەی کوردستانە و تەواوی کاتەکانی خۆی بۆ سەنگەرەکان و خزمەتی پێشمەرگە و ئیرادەو مۆڕاڵی پێشمەرگە تەرخان دەکات.

2. سەرۆک لە دژایەتی و شەڕی تووندڕۆیی ئیراهاب سوورترو گەرموگوڕتر دەبێت تا وڵاتێکی ئارام دوور لە ئیرهاب و فیرکری تووندڕۆیی بەدیدێت.

3. بۆ پەرەدان بە دیموکراسیەت لە کوردستان و قایمترکردنی پێگەکانی دیموکراسی و پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و مانەوەو پێشوەبردنی دامودەزگا شەرعییەکانی کوردستان سەرۆک بەردەوامەو بەردەوام دەبێت.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
29/10/2017

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.