Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 18:15

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا لەعیراق دوایین پێشهاته‌کانی هه‌رێمی کوردستان تاوتوێ ده‌که‌ن

كوردستان هه‌رده‌م ئاماده‌ییی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكگه‌یشتن دووپات كردۆته‌وه‌
کوردستان TV
100%

باڵیۆزانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا دۆستایه‌تیی وڵاته‌كانیان بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و نیگه‌رانیی خۆشیان به‌رامبه‌ر گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 30/10/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێزان برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا و سیریل نان باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عیراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ریان كرد.

له دیدارێكدا هه‌ردوو به‌ڕێزان باڵیۆزانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا دۆستایه‌تیی وڵاته‌كانیان بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و نیگه‌رانیی خۆشیان به‌رامبه‌ر گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی، جه‌ختیان كرده‌وه كه مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوونی بارودۆخه‌كه و چۆنیه‌تیی هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و بارگرژیانه‌یه.

پاڵپشتیی خۆشیان بۆ بوونی دیالۆگێكی جددی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشان دا به ‌شێوه‌یه‌ك بتوانن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه به‌ریه‌ككه‌وتن و گرژی سوودی بۆ هیچ لایه‌ك نابێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی سیاسیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشیان كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێستی هه‌ردوو به‌رێزان باڵیۆزانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا له عیراق و دۆستایه‌تی و پشتگیرییه‌كانی وڵاته‌كانیانی كرد كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون ئه‌و گرژییه ڕوونه‌دات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رده‌م ئاماده‌ییی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكگه‌یشتن دووپات كردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌غدا ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزی به‌كارهێنا و بههۆیه‌وه هه‌وڵ ده‌دات خۆی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا بسه‌پێنێت.

به‌ڕێزیان هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشی بۆ فشار خستنهسه‌ر به‌غدا به مه‌به‌ستی هاتنه سه‌ر مێزی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان به پێویست زانی و جه‌ختی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك خواستی دروستكردنی گرژی و به‌ریه‌ككه‌وتن نییه و خۆی له‌م كارانه پاراستووه‌.

تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كڕیزیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به بارودۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.