Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 14:38

فازڵ میرانی: کەس بۆی نییە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ھەڵوەشێنێتەوە

فازڵ میران له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ فرانک پیکەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری
کوردستان TV
100%

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی سڕ کردووە، بەڵام کەس بۆی نییە ئەنجامەکانی ھەڵوەشێنێتەوە. ئاماژەیشی دا، کە ھەردوو دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل و فیشخابور لە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە.

ئەمڕۆ لە سەلاحەدین لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میران پێشوازیی لە فرانک پیکەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی وێڕای بەگەرمی خێرھێنانی شاندی میوان، بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەی شرۆڤە کرد و تازەترین پێشھاتەکانیشی خستە ڕوو.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوە کرد، کە دەبێ حکوومەتی عێراق شەڕی دژی ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت و دەست بە گفتوگۆ بکات بۆ چارەکردنی کێشەکان و دەوڵەتی عێراق بگەڕێتەوە بۆ شەراکەتی ڕاستەقینە، کە ھەموو گەلانی عێراق تێیدا بەشدار بن.

فازڵ میرانی دووپاتی کردەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی سڕ کردووە و کەس بۆی نییە ئەنجامەکانی ھەڵوەشێنێتەوە و پێویستە ھەمووان نەرم بین، تا بگەینە ئەنجامی باش بۆ ھەردوولا لە دانوستاندنەکاندا.

میرانی تەئکیدیشی کردەوە، کە ھەردوو خاڵی سنووریی ئیبراھیم خەلیل و فیشخابور بە دەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوەن و سەردانی سوپاسالاری عێراق سەردانێکی ئاسایی بوو بۆ دەروازەکان و ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ .

گوتیشی، ڕۆڵی فرانک پیکەر، باڵیۆزی بەریتانیای لە عێراق کرد و بە دۆستێکی نزیک وەسفی کرد و داوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست، کە بەم نزیکانە کارەکانی لە عێراق کۆتایی دێت.

فرانک پیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و دووپاتی کردەوە، کە دەبێ ئاڵۆزییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کۆتایی پێ بێت و دانوستاندنەکان سەرکەوتوو بن و ھاووڵاتیی عێراق ھەست بە ھاووڵاتیبوونی خۆی بکات و ماف و ئەرکەکانی پارێزراو بن.

لە کۆتاییدا ھیوای خواست پێوەندییەکانی نێوان ھەولێر و لەندەن بەرەوپێشەوە بچن و گەلی کوردستان و عێراق لە خۆشگوزەرانیدا بژین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.