Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 14:11

پێشمه‌رگه‌ ئاگاداری سه‌رجه‌م جموجۆڵه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپا عێراقه‌

پێشمه‌رگه‌ به‌رگری له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كات
کوردستان TV
#5
100%

دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بۆ دانوستاندن و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی سیاسی و گه‌رانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور بێ ئه‌نجام بوو.

هه‌ڵگورد حیكمه‌ت، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆمه‌ڵه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ ئاستی باڵای هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بۆ دانووستان هه‌بوو، به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێككه‌وتنێك.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كاریه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق هه‌ڵگورد حیكمه‌ت رایگه‌یاند: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاگاداری سه‌رجه‌م جموجۆڵه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپاو سه‌رجه‌م هێزه‌ چه‌كداره‌ عێراقیه‌كانی تره‌.

راشیگه‌یاند: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئاماده‌باشی به‌رده‌وام و ته‌واودایه‌ بۆ هه‌ر پیلانێك و هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر خاكی كوردستان .

گوتیشی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌یه‌وێ به‌ دیالۆگ و رێككه‌وتنی سیاسی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و له‌گه‌ڵ خوێن رشتندا نین و نامانه‌وێ شه‌ر روو بداته‌وه‌و هه‌میشه‌ ده‌رگای گفتووگۆمان كراوه‌یه‌ ، بانگه‌وازی ئاشتى به‌ گفتوگۆكردن ده‌كه‌ین و ده‌رگاكانی گفتوگۆ داناخه‌ین.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ لای حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌ زه‌بری هێز له‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی كوردستانه‌ و پیلان بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گێڕێت، هه‌روه‌ها  به‌ پێشنیاری مه‌رجی ناده‌ستووری ده‌یه‌وێت ده‌رفه‌تی رێككه‌وتن دابخات و نه‌یهێڵێت، هه‌ڵوێستى جدی لای حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ بۆ ئاشتی و بۆ دانووستان له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌وڵی جدی تر هه‌یه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.