سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا.
رۆژی پێنجشەممە 2-11-2017، دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێكی نووسینگەی راگەیاندنی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە ھەولێر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لەوەکردەوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستانێکی بەھێز لەچوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو فیدراڵدا بۆ سەقامگیریی درێژخایەنی و ھەروەھا بۆ بەزاندنی یەکجارەکی داعش پێویستە.
دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لەھەموو پارتە کوردییەکان دەکات پشتیوانی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەو ماوەیەی لە خولەکەیدا ماویەتی بکەن، کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان دەکات، هەروەها ئامادەکاریکردن بۆ ھەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2018دا".
لە هەواڵەکەی نووسینگەی راگەیاندنی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا هاتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لەکارکردن لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لەکاتێکدا بەدەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانەوە دەچن و چارەسەریان دەکەن لەژێر رۆشنایی دەستووری عێراقدا".
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق داوای لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد کار لەگەڵ بەغداد دا بکات بۆ ھێورکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.