Erbil 38°C دووشەممە 27 کانوونی دووەم 20:05

به‌غدا خراپترین بودجه‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان دیاریکردووه‌

كۆی كورتهێنانی بودجه‌ی عێراق ده‌گاته‌ ٢٢ ترلیۆن و ٧٨٣ ملیار دینار
کوردستان TV
#7
100%

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق،رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌و بره‌ بودجه‌یه‌ی به‌غدا دیاریكردووه‌، زه‌حمه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان بتوانێت شایسته‌ داراییه‌كانی خۆی تێیدا به‌ده‌ست بهێنێت.

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ،له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی حكوومه‌تی ئیتیحادی بریتییه‌ له‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ی ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و كورتهێنانی ئه‌مساڵ كورتهێنانێكی خه‌یاڵییه‌ له‌ بوودجه‌دا، له‌ باره‌ی كورده‌وه‌ ئه‌مساڵ خراپترین ساڵه‌ له‌ مێژووی عێراقدا له‌ ساڵی 2003 ه‌وه‌ تا 2018 كه‌ خراپترین بوودجه‌یه‌ نووسراوه‌، به‌هۆی هه‌ندێك فاكته‌ره‌وه‌ كه‌ گرنگترینیان بریتییه‌ له‌وه‌ی رێژه‌ی %17 كه‌ ئیتفاقێكی سیاسی بووه‌ و له‌ ساڵی 2005 كراوه‌، كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ بۆ 12%، ئه‌و بڕه‌ش به‌ كۆمه‌ڵێك كۆت و به‌ند گیر كراوه‌ و چوارچێوه‌ كراوه‌ كه‌ زه‌حمه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان بتوانێت شایسته‌ داراییه‌كانی خۆی تێیدا به‌ده‌ست بهێنێت.

هه‌روه‌ها گوتی: تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئێمه‌ی نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداری نه‌كه‌ین له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا و نیساب تێكبده‌ین كه‌ بۆ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌توانین، یان له‌ رێگه‌ی دانوستانه‌وه‌ كه‌ سه‌نگی كورد له‌ ئێستادا لاوازه‌ و له‌و پێگه‌ لاوازه‌شه‌وه‌ ناتوانیت مافی ته‌واو به‌ده‌ست بهێنیت، له‌ به‌رامبه‌ردا عه‌بادی و هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ ئێستادا غرورێكی زیاد له‌ ئه‌ندازه‌ گرتوونی، ترسیشمان هه‌یه‌ ئه‌و غروره‌ سه‌ربكێشێت بۆ هه‌ندێك شتی هه‌ڵه‌شه‌یی كه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا به‌دیمان كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی بێلایه‌ن له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یان ئه‌مریكا و به‌ریتانیا نه‌یه‌نه‌ سه‌ر خه‌ت، ئه‌وا زه‌حمه‌ته‌ ئه‌مساڵ هه‌رێمی كوردستان پشكی خۆی له‌ بوودجه‌دا ده‌ست بكه‌وێت.

ئه‌حمه‌د ره‌شید له‌ باره‌ی بوودجه‌ی خه‌مڵێندراوی عێراقه‌وه‌ گوتی: كۆی گشتی بوودجه‌ی ساڵی 2018ی عێراق به‌ ١٠٨ ترلیۆن دینار خه‌مڵێندراوه‌، كۆی داهاتی به‌ده‌ستهاتووی عێراق ٨٥ ترلیۆن ٣٣١ ملیار دیناره‌ كه‌ داهاتی نه‌وت ٧٢ ترلیۆنه‌ و داهاتی دیكه‌ ١٢ ترلیۆن دیناره‌، ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ش مه‌رج نییه‌ وه‌ك خۆی ده‌ربچێت.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی عێراق ئه‌وه‌شی گوت: له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا له‌ هه‌ر شوێنێك وشه‌ی هه‌رێمی كوردستان نووسرابێت، وشه‌ی پارێزگاكانیان بۆ زیاد كردووه‌ و نووسراوه‌ حكوومه‌تی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان یان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدارمان پێده‌دات كه‌ عێراق ده‌یه‌وێت سیسته‌می هه‌رێم وه‌ك هه‌رێمێكی سیاسی و ئیداری و ئابووری هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاكاندا بكات.

ئه‌و گوتیشی: پڕۆژه‌ یاساكه‌ چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی تری تێدایه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان كه‌ به‌پێی ده‌ستووری عێراق مۆڵه‌تیان پێدراوه‌، بۆیه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی ده‌یه‌وێت چوارچێوه‌یه‌كی سنووردار بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست بكات كه‌ زه‌حمه‌ته‌ هه‌رێم لێی ده‌ربچێت.

بڕیاره‌ سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ كۆببێته‌وه‌، دواتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ركردن و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌.

كۆی كورتهێنان له‌ بوودجه‌كه‌ ده‌گاته‌ ٢٢ ترلیۆن و ٧٨٣ ملیار دینار، كه‌ ده‌كاته‌ ١٩،٣% ی كۆی بوودجه‌.

 

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.