گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک_ گەرمیان دهڵێ، بەغدا دەستی کردووە بەتەعریب کردنی کەرکووک و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیارێکی داوە کە ھەر عەرەبێکی شیعە بۆی ھەیە خۆی بۆ سنووری کەرکووک بگوازێتەوە و ببێتە ھاووڵاتی ئەوشارە، لەئێستاشدا فەرمانەکە گەیشتۆتە کەرکووک و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
عەدنان کەرکووکی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "دۆخی کەرکووک زۆر خراپە و بەتەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی بەغدایە و ڕێگە نادەن کورد ھیچ دەسەڵاتێکی ھەبێت، ئێستاش دەستیان کردووە بەلادانی بەرپرسانی ئیداری ئەوانەی كه کوردن و کەسانی عەرەب لەشوێنی ئەوان دادەنێن، بۆ نموونە جگە لەپارێزگاری کەرکووک، ئێستا قایمقامی ناوەندی کەرکووک و قایمقامی قەزای داقووق و دوبزیشیان گۆڕیوە و کەسانی عەرەبیان لەشوێنی ئەوان داناوە."
کەرکووکی گوتیشی، "گۆڕینی بەرپرسانی ئیداری سنووری پارێزگای کەرکووکیش بەبڕیاری پارێزگاری کەرکووکە بەوەکالەت، کە ئەویش عەرەبە، چونکە نایانەوێت پۆستەکان بەدەست کوردەوە بێت."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووك_ گەرمیان دهشڵێ، "لەئێستادا بەغدا داوا لەعەرەبەکان دەکات خۆیان بگوازنەوە بۆ سنووری کەرکووک و ھەر کەسێکی عەرەب بۆی ھەیە خۆی بگوازێتەوە بۆ کەرکووک، ئەمەش تەعریبكردنی ئەو ناوچانەیە، جگە لەوەش شیعەگەرایەتیش لەو ناوچانە بڵاو دەکەنەوە.
باسی لەوەشکرد، "ئێستا فەرمانەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی رێگە بدات عەرەبەکان خۆیان بگوازنەوە بۆ سنووری کەرکووک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بهغدا گەیشتۆتە ئیدارەی کەرکووک و دەست بەجێبەجێکردنی دەکرێت، بەڵام بەمەرجێک پێویستە ئەو عەرەبەی خۆی بۆ ئەوسنوورە بگوازێتەوە عەرەبی شیعە بێت."
کەرکووکی زیاتر گوتی، "ئێستا رۆژانە زیاتر لە١٥خێزانی کورد بەھۆی ئەم دۆخەوە ڕادەکەن و ماڵەکانیان جێدێڵن و سوننەکانیش زۆر لەو دەسهڵاتە بێزارن و بۆ ئەوانیش مەترسیدارە نەک تەنیا بۆ کورد."
فەرمانی تهعریب گەیشته ئیدارەی کەرکووک و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت
بەغدا دەستی کردووە بەتەعریب کردنی کەرکووک
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.