عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رایگەیاند" کەسانێک بەناوی پەیمانگەی (کوردمارت) ڕیکلام بۆ وەرگرتنی قوتابیانی دەرچوانی پۆلی دوانزە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) دەکەن، لێرەوە بەسەرجەم خوێندکاران و دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ڕادەگەیەنین، کە ئەم پەیمانگەیە باوەڕپێکراو نییە و لەپڕۆسەی دڵنیای جۆری و متمانە بەخشینی وەزارەتەکەماندا ڕەت کراوەتەوە و ھیچ مۆڵەتێکی یاسایی نییە، بۆیە داوا لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەکەین خۆیان بەدوور بگرن لە تۆمارکردنی ناویان لەم پەیمانگەیەدا، پارە و ماوەی خۆیان بەھەدەر نەدەن".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستە روو، کە بە نووسراوی فەرمیی ژمارە (١٦٥٣٥) لە ڕێککەوتی ١٩/١١/٢٠١٧، وەزارەتەکەمان داوای لە پارێزگای ھەولێر کردووە نووسینگەی پەیمانگەکە کە تۆماری قوتابیانی تێدا دەکرێت دابخرێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر، چونکە ئەو جۆرە کار و ڕەفتارانە دەچێتە خانەی فێڵکردن لە خەڵک.
ھاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە داھاتوو لە دادگا ڕێشوێنی یاسایی بەرامبەر بەخاوەندارییەتی پەیمانگە دەگرێتەبەر و سکاڵایان لە دژ تۆمار دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.