Erbil 38°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 06:25

تا کۆتایی ساڵ پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیان له‌ هه‌رێم ئامادە دەکرێت

ھەموو لایەك ھاوڕان كە لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیان دەربچێت
کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆكی لیژنەی  ناوخۆ و ئاساییش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامن لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و، بڕیارە تا كۆتایی ساڵ ئەو پڕۆژەیاسایە ئامادە بكرێت.
 
نازم ھەركی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان و دادوەران و نوێنەری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و، تێیدا راوبۆچوونی ئەوانمان لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی وەرگرتووە و بەردەوامیش دەبین تاوەكو پڕۆژەیاساكە ئامادە دەكەین و ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتین".
 
ھەركی گوتیشی، "ئێمە وەكو لیژنە پەیوەندیدارەكان، بەردەوام كار دەكەین بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاساكە و بڕیارە تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەیاساكە ئامادە بكرێت و بخرێتە بەرنامەی كار و گفتوگۆی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت".
 
سەبارەت بەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە كێ دەگرێتەوە، نازم ھەركی گوتی، "ھەموو لایەك ھاوڕان كە لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیان دەربچێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیاسایە كێ دەگرێتەوە، ئەمە لە میانەی گفتوگۆكان و لەناو ھۆڵی پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە، ئەمەیش جاری یەكەم نییە و لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠١٤ـیش پەرلەمانی كوردستان لێبووردنی گشتیی دەركردووە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.