Erbil 38°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 23:04

حەشدی شەعبی زەویی جووتیارانی کورد داگیر دەکات

حەشدی شەعبی زەوی لە كورد وەردەگرێتەوەو دەداته‌ عەرەبەكان
کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك دەڵێت، ئەو عەرەبانەی پێشتر گرێبەستی زەوییەكانیان ھەڵوەشاوەتەوە كە موڵكی كورد بوون، ئێستا جارێكی دیكە گەڕاونەتەوە سەر زەوییەكان و لە كوردی وەردەگرنەوە، بە جۆرێك جارێكی دیكە بەعەرەبكردن بە شێوەیەكی زەق لە كەركووك زیندوو كراوەتەوە.
 
مەھدی موبارەك، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێشتر لە سەردەمی رژێمی بەعسدا عەرەب بۆ ناوچەكە ھاوردە كرابوون و بە زۆر زەویی كوردیان بۆ خۆیان بردبوو و گرێبەستیشیان بۆ ئەنجام درابوو، دوای نەمانی رژێمی بەعس، كورد جارێكی دیكە گەڕانەوە بۆ سەر زەوییەكانیان، بەڵام حكوومەتی عێراق لە ڕووی یاساییەوە ئەو كارەی یەكلا نەدەكردەوە و گرێبەستی عەرەبەكانی ھەڵنەوەشاندبووەوە و تەنھا ١٠%ـی یەكلا كرابووەوە، هەروەها بە كرداریش نزیكەی ٩٠%ـی خەڵكی كەركووك (كورد و توركمان) گەڕابوونەوە سەر زەوییەكانیان، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە ئەو عەرەبانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوییەكان و لە كوردیان وەردەگرنەوە".
 
گوتیشی، "ئێستا لە سنووری داقووق و دوبز بە زۆری عەرەبەكان لە رێگەی دادگاكان و ئیدارەكانەوە ئەو زەویانە لە كورد وەردەگرنەوە، چونكە پێشتر بەرپرسەكان كورد بوون و ئەو كارەیان بۆ نەدەكردن، ئێستا دوای ھاتنی ھێزە عێراقییەكان بۆ ناوچەكە، ئەو كارەیان بۆ دەكەن و زەویی كوردەكان دەدرێنەوە بە عەرەبەكان، چونكە بەرپرسەكان بوونەتە عەرەب".
 
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك دەشڵێت، ئەوەی ئێستا دەكرێت، زیندووكردنەوەی بەعەرەبكردنە بە شێوەیەكی زەق لە كەركووك و جارێكی دیكە زەوی لە كورد وەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە عەرەبەكان.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی  پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ڕایگەیاند، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ھێزێكی بۆ عەشیرەتێكی توندڕۆی سنووری خانەقین دروست كردووە و دەڵێت، لە ڕێگەی ئەو ھێزەوە زەویی جووتیارانی كورد داگیر دەكرێت و بەزۆر پارە لە جووتیارانی كوردی ناوچەكە وەردەگرن.

شێخ مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد'' پۆلیسی فریاكەوتنی عێراق كە لەو ھۆزەی (كورەوی) پێك دێت، دەستیان بە ھێنانی عەرەبی سوننە بۆ ناوچەكە كردووە و زەویوزاری جووتیارانی كورد داگیر دەكەن و لە ھەموویشی خراپتر داوایان لە جووتیارانی كوردی ناوچەكە كردووە چەندیان لەو زەویانە قازانج كردووە لە ساڵانی ڕابردوودا، دەبێت ھەمووی بگەڕێننەوە، ئەوەیش كارێكی قورسە و تاوانێكی دیكەیە بەرانبەر بە ھاووڵاتییانی كوردی نیشتەجێی سنوورەكە دەكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.