ئهمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە كریستیانەكانی كوردستان كرد.
لە دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا، سەرۆک بارزانی، سوپاسی ھەڵوێستی نیشتمانیی پارتە کریستیانییەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و باسی ئەو ھۆکارانەی کرد کە ھانی گەلی کوردستانی دا، بڕیار لە ڕیفراندۆم بدەن و ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمیش سەلماندی کە بڕیارەکەی گەلی کوردستان چەندە دروست و ڕەوا بووە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، پڕۆسەی سیاسیی کوردستان خرایە بەر باس، گفتوگۆ و جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە پێش ھەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە وەک چارەسەرێکی گونجاو بۆ پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا تەئکید لەسەر ماف و بەشداریی سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسی و گەرەنتی مافەکانیان لە دەستووری ئایندەی ھەرێمی کوردستان کرایەوە، کە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە بەڵگەنامەیەکدا پەسەند کرا بوو.
بارودۆخی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، تەحەدی و ھەڕەشەکانی بەردەم پێکەوەژیان و داھاتووی ئەو ناوچانە تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.