Erbil 38°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 03:36

ئه‌مه‌ریکاو رووسیا له‌سه‌ر چه‌کى ئه‌تۆمى کۆریای باکوور له‌یه‌کتر نیگه‌رانن

ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ رووسیا نیگه‌رانه‌
کوردستان TV
100%


حكوومه‌تی رووسیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، داوایه‌كی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان بۆ پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماتییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

داواكه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌، پیۆنگ یانگ، مووشه‌كێكی دیكه‌ی بالیستی هه‌ڵگری كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی تاقیكردووه‌ته‌وه‌ و كیم جۆنگ ئون، دیكتاتۆره‌ بچووكه‌كه‌، خۆی سه‌رپه‌رشتی كردووه‌.

دوای تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه‌ بالیستییه‌ كیشوه‌ربڕه‌كه‌ش، كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوور، رایگه‌یاند، ده‌ستكه‌وتێكی مێژووییان به‌ده‌ستهێناو و ئێستا مووشه‌كه‌كانییان ده‌گه‌نه‌ ئه‌مه‌ریكا.

له‌م باره‌وه‌ سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی" چه‌ند جارێك دووپاتمان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵدان بۆ گوشار و سزادان بێ سووده‌ و پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێزی دانووستان".

رووسیا له‌ رێگه‌ی نێردراوی خۆی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، داوای له‌ ئه‌مه‌ریكا و كۆریای باشوور كرد، مانۆری سه‌ربازی، كه‌ بڕیاره‌ له‌ دیسه‌مبه‌ری داهاتوو ئه‌نجام بدرێت، رابگرن و گوتی: "ئه‌و كاره‌ هه‌ڵوێستی توندی به‌ دوادا دێت".

هه‌روه‌ها لاڤرۆڤ له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش گوتی" به‌ هه‌موو هێزی خۆمان داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین گرژییه‌كان رابگرن و روونیشی كرده‌وه‌، گرنگه‌ هه‌نگاوێك بگه‌ڕێنه‌وه‌ دواوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به ‌ئاسانی كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ بكرێت".

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، یاسا نوێیه‌كه‌ی رووسیا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هۆیه‌كانی راگه‌یاندنی بیانی و به‌ "بریكاری لایه‌نه‌ بیانییه‌كان" وه‌سفیان ده‌كات، به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێ له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی رووسیا داده‌نێت و داوا ده‌كات كاری پێنه‌كرێت.

هیزه‌ر ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه‌و ده‌ڵێت: "یاسا نوێیه‌كه‌ی رووسیا كه‌ رێگه‌ به‌ وه‌زاره‌تی داد ده‌دات كۆنترۆڵی كاره‌كانی میدیا بیانییه‌كان بكات و بانگیان بكات و كۆمه‌ڵێك له‌ چالاكییه‌كانیان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت قه‌ده‌غه‌ بكات، ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ رووسیا".

پێش ماوه‌یه‌ك ئه‌نجوومه‌نی دۆمای رووسی، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌مواركردنی یاسایه‌ك ده‌ربڕی كه‌ ئه‌و میدیا بیانیانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن وه‌ك بریكاری بیانییه‌كان له‌ رووسیا ده‌ناسرێن‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.