Erbil 38°C سێشەممە 08 تشرینی یەکەم 01:19

شاندی حکوومه‌تی هه‌رێم گه‌ڕانه‌وه‌ کوردستان

رۆژی هه‌ینی نێچیرڤان بارزانی به‌ یاوه‌ریی شاندێك سه‌ردانی پاریسی كرد
کوردستان TV
100%

 

ئه‌مڕۆ شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ سه‌ردانی فه‌ره‌نسای كردبوو و له‌گه‌ڵ ئیمانۆئێل ماكرۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی فه‌ره‌نیا كۆبووه‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان .

رۆژی هه‌ینی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ریی شاندێك سه‌ردانی پاریسی كرد و رۆژی شه‌ممه‌ له‌ كۆشكی ئێلیزێ له‌ لایه‌ن ئیمانۆێیل ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نساوه‌ پێشوازیی لێكرا .

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك ماكرۆن داكۆكى له‌ یه‌كڕیزیى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان كرد و پشتگیریى وڵاته‌كه‌یشى بۆ حكوومه‌تێكى به‌هێز و كاراى هه‌رێم و شه‌رعیه‌تى حكوومه‌تى ئێستا و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، پێشمه‌رگه‌شى به‌ هێزێكى كاریگه‌ر و مایه‌ى پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ قوربانى زۆرى داوه‌ و ڕایگه‌یاند فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئاماده‌ییى فه‌ڕه‌نسایشى بۆ هه‌وڵدان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدڕاڵى عێراق، نیشان دا.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ جێبه‌جێكردنى هه‌موو مادده‌كانى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌ كه‌ تیایدا ته‌واوى مافه‌كانى گه‌لى كوردستان زامن بكرێت و گرژى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدڕاڵى عێراقدا نه‌مێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش ڕایگه‌یاند ده‌رباره‌ى ئابلۆقه‌ و ئه‌و ڕێكارانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان گیراونه‌ته‌به‌ر، په‌یوه‌ندى به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ ده‌كات.

هه‌روه‌ها نیگه‌رانیى خۆى به‌رامبه‌ر حه‌شدى شه‌عبى و میلیشیاكان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى، ده‌بێت عێراق خۆى خاوه‌ن سه‌روه‌رى و بڕیارى خۆى بێت. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نێچێرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ‌فه‌ڕه‌نسا له‌ كاتى ته‌نگانه‌دا به‌ ته‌نگ گه‌لى كوردستانه‌وه‌ هاتووه‌ و ئێستاش هه‌ر پێشبینیى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت .

داواشى كرد فه‌ڕه‌نسا به‌تایبه‌تى و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى، ڕۆڵى خۆیان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێم و حكوومه‌تى عێراقدا بگێڕن و له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پشتگیرى له‌ هه‌رێم بكه‌ن، ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا، هه‌روه‌ها هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌سه‌ر خاڵه‌كانى سنوور و فڕۆكه‌خانه‌كان، نیشان دا.

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ به‌دیهاتنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ عێراقدا، ده‌بێت ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت و مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانى دیكه‌ى عێراق زامن بكرێن، قه‌واره‌ سیاسى و ده‌ستوورییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێشێل نه‌كرێت وه‌ك به‌ ڕوونى له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقدا دیاره‌، وێڕاى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2014ه‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ڕێكارى دیكه‌ى حكوومه‌تى فیدراڵ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ مه‌به‌ست لێیان سزادانى گه‌لى كوردستانه‌ و ده‌بێت جیهانى ئازاد ڕێگه‌ى پێنه‌دات. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌ترسیى ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى له‌ عێراق، پرسى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ حكوومه‌تى عێراق هاوكاریى نه‌كردوون، دۆخى ناوچه‌كه‌و عێراق و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، تاوتوێ كرا.

دواتریش نێچیرڤان بارزانی و ئیمانۆئیل ماكرۆن كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان رێكخست . دوای سه‌ردانی پاریسیش نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیله‌ ئه‌ڵمانیا كرد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی له‌و وڵاته‌یه‌ .

دوای كۆتاییهاتنی سه‌ردانه‌كه‌ش نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوه‌ری ئه‌مڕۆ گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.