Erbil 38°C سێشەممە 08 تشرینی یەکەم 23:21

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی عەبادی دەداتەوە

لێدوانه‌كه‌ی عه‌بادی دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەكانی هاووڵاتیبوون
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی عەبادی دەداتەوە
کوردستان TV
100%

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی عەبادی دەداتەوە کە له‌ لێدوانیكدا رایگەیاندبوو رێگریکردن لە دابەشبوون هیچی کەمترنەبوو لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا. 

هه‌روه‌ها سەرۆکایەتی پەرلەمان لە راگەیێندراوێکدا وه‌ڵامی لێدوانه‌كه‌ی عه‌بادی دایه‌وه‌ و وتی:  ئەم لێدوانە بە نابەرپرسانە و هەڵەیەكی راشكاوانە دەزانین، چونكە دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەكانی هاووڵاتیبوون و پێچەوانەی خودی ماددەی (9)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشە .


دەقی راگەیێندراوەکە:

لە رۆژی 6/12/2017 بەرێز " حەیدەر عەبادی" سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند " رێگریكردن لە دابەشبوونی عێراق سەركەوتنێكی دیكە بوو، كە هیچی كەمتر نەبوو لە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا" .

ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە شاهیدی هەموو دونیای ئاشتیخوازیش ئەو راستییەی دووبارەدەكەینەوە، كە ئەگەر قارمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی نەبوایە، هێزەكانی عیراق لە مۆسڵ و زۆر لە ناوچەكانی دیكەش كە دوو ساڵ زیاتر لە ژێر كونترۆلی تیرۆریستانی داعشدابوون، نەیاندەتوانی ئەو سەركەوتنە تۆماربكەن كە ئێستا بەرێز " عەبادی " شانازیی پێوەدەكات، هەروەها جێگەی سەرسورمانیشە كە بەرێز "عەبادی" ئەو هێرشە سەربازییەی كە لە رۆژی 16/10/2017 بە پشتیوانی و بەشداربوونی حەشدی شەعبی دژ بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان كە هاووڵاتی عیراقن و ئەو تاوانانەی لە كەركووك و دووزخورماتوو چه‌ند ناوچەیه‌كی تر ئەنجامدراون، بە سەركەوتن لە قەڵەمبدات و هاوشێوەی سەركەوتنی دژی تیرۆریستان وەسفی بكات.

ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو لێدوانەی بەرێز " حەیدەر عەبادی" بە لێدوانی نا بەرپرسانە و هەڵەیەكی راشكاوانە دەزانین، چونكە دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەكانی هاووڵاتیبوون و پێچەوانەی خودی ماددەی (9)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشە، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئەم جۆرە كردەوە لەشكریانە دژی هاوڵاتییانی عێراق ئەنجامبدرێن و شەرعییەتیشیان پێنادات. ئەمەش پێشێلكردنێكی دیكەی زەقی دەستوورە، كە دەخرێتە سەر ئەو  پێشێلكارییە زۆرانەی دەستوور كە لە لایەن حكومەتە دوای یەكەكانی عێراق ئەنجامدراون، لە وانەش جێبەجێنەكردنی مادەی (140) ی دەستوور و هەر ئەم پێشێلكارییانەشبوون كە بۆنەتە هەرەشەو مەترسی بۆ پارچەبوونی عێراق و هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش ئەم هەلەیە  بقۆزنەوە و رێژەیەكی زۆری خاكی عیراق داگیربكەن و جینۆساید و تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن.

دووبارە داوا لە بەرێز "عەبادی" دەكەین كە هێزی لووژیك بگرێتەبەر و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان دانەخات و رێگەش نەدات مەرامە سیاسییە تەسكەكان، هەژموونیان بە سەر ماف و ئیرادەی گەلانی عێراق و دەستوورەكەی هەبێت، چونكە زەرەرمەندی یەكەم و كۆتایی لە زمانی هەرەشە و بەكارهێنانی هێز خودی هاووڵاتییانی عێراقن و ئەم جۆرە لێدوانانەی هاوشێوەی لێدوانی بەرێز " عەبادی" مەترسی و هەرەشەن لەسەر ئایندە عێراق كە وەك وڵاتێكی مەدەنی و دیموكراسی بمێنێتەوە، بەڵام دانوستان تاكە رێگەیە بۆ رزگاربوون لە لەمپەر و تەگەرەكان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان.


سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان - عیراق
8/12/2017

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.