Erbil 38°C چوارشەممە 09 تشرینی یەکەم 05:29

ئەمساڵ له‌ هه‌رێمى کوردستان 170 کەیسی گەندەڵی لێکۆڵینەوەی لەسەرکراوە

دەستەی نەزاهە: ژمارەی لێكۆڵەرەكانى تایبەت بەكەیسی گەندەڵی كەمن 
کوردستان TV
100%

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی نەزاهە لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 170 كەیسی گەندەڵی لێكۆڵینەوەی لەسەركراوە، كەیسەكانیش تا ئاستی بریكاری وەزیری تێدایە.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی نەزاهە بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، "هەرێمی كوردستانیش وەك بەشەكانی دیكەی عێراق بەدەرنییە لە گەندەڵی، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی پارە بۆ تەرخانكردنی پڕۆژەكان گەندەڵی كەمیكردووە".

سەبارەت بەهاوكاری دامودەزگاكان و حكومەت لەبەردەم كارەكانی دەستەی نەزاهە، حاكم ئەحمەد وتی، "هاوكاری هەبووە، بەڵام بەداخەوە ئەو دۆخەی كە هەیە لە كوردستان نەبووەتە هۆی ئەوەی كە بەربەستەكانی بەردەم كارەكانمان لاببات."

لەبارەی بەربەستەكانەوە، سەرۆكی دەستەی نەزاهەی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، "بەربەست زۆرە بۆ نمونە دەمانەوێت داتایەك وەربگرین ئەوەی وەریدەگرین ڕێژەیەكی كەمە لەو گەندەڵیەی كە هەیە، هەروەها بەدەمەوە هاتنی دامودەزگا جێبەجێ كارییەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئێمە وەك پێویست نیە، هەروەها نەبوونی دادگایەكی تایبەت بۆ دادگاییكردنی كەیسی گەندەڵییەكان بۆ نمونە كەیسی وا هەیە شەش بۆ هەشت مانگ لە دادگا دەمێنێتەوە، ئەوەش تەنها بەهۆی نەبوونی دادگای تایبەتەوە."

رونیشیكردەوە، " لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هەیە كەمی ژمارەی لێكۆڵەرەكانیش تایبەت بەكەیسی گەندەڵی یەكێكی ترە لەگرفتەكانمان، 16 بۆ 17 لێكۆڵەرمان تایبەت بەگەندەڵی هەیە لەكاتێكدا پێویستمان بە 100 بۆ 150 لێكۆڵەر هەیە."

سەرۆكی دەستەی نەزاهە باسی لەوەشكرد، دەستەكەیان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە داوای دەست لەكاركێشانەوەی ئەو بەرپرسانە بكات كە دۆسیەكانیان لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان، هەر لەبەر ئەو هۆكارەش ژمارەیەكی زۆر بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكار و تا ئاستی پلەی وەزیر دەستیان لەكاركێشاوەتەوە "تا كاریگەری لەسەر قۆناغی لێكۆڵینەوە نەبێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.