وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌داته‌وه ده‌ڵێت: عه‌بادى پیرۆزبایى له هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق كرد و ناوى هێنان، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ناوى پێشمه‌رگه‌ى نه‌هێنا، هیچ ئاماژه‌یه‌كى بۆ ڕۆڵ و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژى داعشدا نه‌كرد، له كاتێكدا جیهان شاهیده كه یه‌كه‌مجار پێشمه‌رگه به‌ر له هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق كه ئه‌و ناوى هێنان و پیرۆزبایى لێ‌كردن.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9/12/2017 به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له كاتێكدا كۆتاییهاتنى شه‌ڕى دژى داعشى له عێراق ڕاگه‌یاند، پیرۆزبایى له هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق كرد و ناوى هێنان، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ناوى پێشمه‌رگه‌ى نه‌هێنا و هیچ ئاماژه‌یه‌كى بۆ ڕۆڵ و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژى داعشدا نه‌كرد.
به‌داخه‌وه به‌ڕێز عه‌بادى جارێكى دیكه‌ش نه‌یتوانى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى وڵات مامه‌ڵه بكات و ڕۆڵى پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان پشتگوێ نه‌خات، له كاتێكدا جیهان شاهیده كه یه‌كه‌مجار پێشمه‌رگه به‌ر له هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانى دیكه‌ى عێراق كه ئه‌و ناوى هێنان و پیرۆزبایى لێ‌كردن، ئه‌فسانه‌ى داعشى تێكشاند و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووایه هیچ دوور نه‌بوو ئێستاش داعش نیوه‌ى جوگرافیاى عێراقى له‌ژێر ده‌ستدا نه‌بێت.
به‌ڕێز عه‌بادى كه ئه‌مجاره‌ش نه‌یتوانى ڕق و قینه‌ى خۆى بۆ پێشمه‌رگه بشارێته‌وه، نازانین و قه‌ت له‌وه تێناگه‌ین چۆن وێژدانى ئارام ده‌بێت؟، چى به منداڵان و خانه‌واده و كه‌سوكارى (١٨٢٤) پێشمه‌رگه‌ى شه‌هید و زیاتر له (10) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى بریندار ده‌ڵێت كه خۆى به سه‌رۆك وه‌زیرانیان ده‌زانێت و له‌پێناو شكاندنى داعشدا شه‌هید و بریندار بوون؟! ئیتر به چ ڕوویه‌كه‌وه له وان و له گه‌لى كوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كات ئینتیمایان بۆ عێراق هه‌بێت، له كاتێكدا ئه‌مه حاڵ و مامه‌ڵه‌ى سه‌رۆك وهزیرانهكهى بێت؟!.
پێگه و ڕێز و خۆشه‌ویستیى پێشمه‌رگه و خانه‌واده سه‌ربه‌رزه‌كانیان له‌ناو گه‌لى كوردستان و له جیهانیشدا زۆر له‌وه گه‌وره‌تره ڕۆژێك له ڕۆژان پێویستى به پیرۆزباییى به‌ڕێز عه‌بادى و هه‌موو ئه‌وانه بێت كه به‌م شێوه‌یه بیر ده‌كه‌نه‌وه و ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، بۆیه پێشمه‌رگه نه چاوى لێیه، نه پێویستى به‌و پیرۆزبایى و پشووه هه‌یه كه به‌م بۆنه‌یه‌وه ڕاگه‌یه‌نراوه، به‌ڵام هه‌موومان به‌داخه‌وه‌ین كه ڕۆژانه ده‌بینین له جیاتى هه‌وڵى زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، جه‌نابى سه‌رۆك وه‌زیران پێچه‌وانه ده‌جوولێته‌وه!.
وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه
9/12/2017
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.