سەرۆك بارزانی بەبۆنەی شەست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەكێتیی ئافرەتان و هەموو ئافرەتانی كوردستان کرد و لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، بەشی هەرە گەورەی ئێش و ئازاری گەلەكەمان لەسەر شانی ئافرەتان بووە.
دەقی پەیامی (سەرۆک بارزانی):
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی یادی شەست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سكرتێر و ئەندامانی یەكێتیی ئافرەتان و هەموو ئافرەتانی كوردستان دەكەم. ڕۆڵی یەكێتیی ئافرەتان لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا گرینگ و كاریگەر بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا بەشی هەرە گەورەی ئێش و ئازاری گەلەكەمان لەسەر شانی ئافرەتان بووە و ڕۆڵێكی مەزنیان لە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستاندا هەبووە.
لە قۆناغی ئێستادا ئەركی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە هەموو كاتێك هەستیارترە. پێویستە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ببنە سەرچاوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و پێگەیاندن بۆ ئافرەتان لە پشتیوانیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتەی كە لەبەردەم گەلی كوردستانە.
هیوادارم ئەو یادە دەرفەتێك بیت بۆ ئەوەی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بە گوڕوتینێكی زیاترەوە كار بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی ئێش و ئازاری ئافرەتان و پاراستنی مافەكانیان لەنێو خێزان و شوێنی كار و لەناو هەموو كایەكانی كۆمەڵگەدا بكەن.
مەسعوود بارزانی
11ـی 12ـی 2017
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.