Erbil 38°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 03:19

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌هه‌مبه‌ر پێشێلکارییه‌کانی حه‌شدى شه‌عبى له‌ خورماتوو نیگه‌رانه‌

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای دانانی سنوورێكی بۆ ئه‌و كرده‌وانه‌ كرد
کوردستان TV
100%


نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق "یۆنامی"، له‌ پێشێلكارییه‌كانی خورماتوو نیگه‌رانه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتییانی كورد كراوه‌.

یۆنامی رایده‌گه‌یه‌نێت، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كات له‌ خورماتوو، كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی میلیشاكانی حه‌شد و هێزه‌كانی عێراق، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتییانی كورد ئاواره‌ بوونه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی یۆنامی، تیمێكی تایبه‌تی نێرده‌كه‌، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ راپۆرته‌كانی تایبه‌ت به‌ پێشێلكاری مافى مرۆڤ، رۆژی 7ی كانوونی یه‌كه‌م، سه‌ردانی شارۆچكه‌كه‌یان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری پێشێلكارییه‌كان بێت.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ش، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر راپۆرته‌كان به‌رده‌وام باس له‌ پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و سووتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ی ماڵان ده‌كرێت و هاوكات باس له‌وه‌ ده‌كرێت، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش كراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، به‌شێك له‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌ وێرانكردنی ماڵ و خانووی هاووڵاتییان و توندوتیژییه‌كان ده‌كات، به‌ راپۆرتێك له‌لایه‌ن یان كۆبیش، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 22ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری رابردوو، خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ نیویۆرك.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، تیمی یۆنامی، سه‌ردانی شارۆچكه‌كه‌ی كردووه‌ و له‌ هه‌ولێر و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستانیش، له‌ نزیكه‌وه‌ چاوی به‌ ئاواره‌كان كه‌وتووه‌ و بڕیاریشه‌ جارێكی دیكه‌ سه‌ردانی شارۆچكه‌كه‌ بكه‌ن.

یۆنامی نیگه‌رانی خۆیشی له‌و هێرشانه‌ ده‌ربڕی و داوای دانانی سنوورێكی بۆ ئه‌و كرده‌وانه‌ كرد، كه‌ به‌مدواییانه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردی و توركمانییه‌كان و داواشی له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد، رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی توندوتیژیی و پێشێلكارییه‌كان بگرێته‌به‌ر و ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.