Erbil 38°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 09:30

دیندار زێباری: پێشوازی لە ڕاگەیاندراوەکەی یۆنامی سەبارەت بە خورماتوو دەکەین

زێباری: یۆنامی پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەى بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن
کوردستان TV
100%

دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، پێشوازی لە ڕاگەیاندراوەکەی یۆنامی سەبارەت بە خورماتوو دەکەین، بەڵام پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یۆنامی) ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی سەردانی تیمێکی ڕێکخراوەکە بۆ ناوچەی خورماتوو بڵاو کردەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە ڕووخاندنی مڵکی دانیشتووانی ئەو شارە دەکات، بەتایبەتی ئەو هاووڵاتییانەی کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە لەو ناوچەیە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە ئاوارە بوون و ئەو ئاستەنگانەی بۆیان دروست دەکرێ و دەبنە ڕێگر بۆ دووبارە گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان .

لەم بارەوە دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: ''ئێمە پێشوازی لە ڕاگەیاندراوەکەی یۆنامی دەکەین، ڕەوشی خەڵکی ناوچەکە زۆر نالەبارە و پێشێلكاریی زۆریان بەرامبەر ئەنجام دراوە، دوور لە بنەما و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، وەک کوشتن، ڕفاندن، سووتاندنی ماڵوحاڵ و شوێنە بازرگانییەکانیان، بەتایبەتی لە خورماتوو، ئەم پێشێلکاریانەش بوونەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی دەیان هەزار هاووڵاتی لە دانیشتووانی کورد و تورکمانە سوننەکانی ناوچەی خورماتوو کە ناچار بوون بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان ڕوو بکەنە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، کە ئێستا لە ڕەوشێکی مرۆیی نالەباردان، سەرباری ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکوومەتی هەرێم بە پێی توانای خۆیان، یارمەتیی داون، ئێستا ناردنی تیمی یۆنامی کارێکی پێویست بوو.

دیندار زێباری ئەوەشی ڕاگەیاند، کە کۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە دوای ڕووداوەکان چەندین داتا و زانیاریی دەربارەی پێشێلکارییەکان بڵاو کردەوە، دواتر پێشکەشی نوێنەری وڵاتان و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی کرد لە هەرێمی کوردستان، چونکە بە هەزاران کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و بە دەیان ماڵ و شوێنی بازرگانی سووتێندران و تێک دران لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، لە هەمان کاتدا داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە سەردانی ئەو ناوچەیە بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشەکە بن، چونکە حکوومەتی فیدراڵ و تا ڕاددەیەک لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو کارەساتە و ئەو لیژنەیەی کە لە لایەن یۆنامییەوە نێردراوە بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان، یەکەم لیژنەی نێودەوڵەتیی فەرمییە بۆ ناوچەکە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

سەرۆکی کۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: ئێمە کاری ئەم لیژنەیەی یۆنامی بە گرنگ و پێویست دەزانین، لە هەمان کاتدا داوا دەکەین کە دەرەنجامی کاری لیژنەکە ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی کارەکانی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت، چونکە ڕەوشی خەڵکی ئەو ناوچەیە کارەساتبارە و لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و جگە لە ئاوارە بوونیان بەشێکی زۆریان ماڵوحاڵی خۆیان لە دەست داوە، تەنانەت خانووەکانیشیان سووتێنراوە، هەروەها پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی فشار بخەنە سەر حکوومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکی خورماتوو و ناوچەکانی دیکە و زامنی پاراستنی سەر و ماڵیان بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا یۆنامی نیگەرانیی خۆی دەربارەی هێرشە هەڕەمەکییەکانی ئەم دواییە دەڕبریوە، کە بوونەتە هۆی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سڤیل لە پێکهاتەکانی ناوچەکە بوونە قوربانی، هەروەها یۆنامی داوا دەکات، دەستبەجێ ئەو کارانە ڕابگیرێن، کە مەترسی دەخەنە سەر ئاسایش و سەلامەتیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەتی کورد و تورکمانە سوننەکان و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان و پێشێلکاری لە دژی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی یاسا و هێنانەدیی هێمنی و سەقامگیری لە خورماتوو و ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و گێڕانەوەی بارودۆخی ئاسایی ئەو شارە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.