Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 07:24

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا کۆبووەوە

گابریێل نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای نێوان ھەولێر و بەغدا نیشاندا
کوردستان TV
100%

دوای لێدوانێکی ھاوبەشی ڕۆژنامەوانی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2017 شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیران، لەگەڵ زیگمار گابریێل وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا کۆبووەیەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گابریێل، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەم سەردانە، نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای نێوان ھەولێر و بەغدا نیشان دا و ھیوای خواست دۆخەکە ئارام بکرێتەوە.

ھەروەھا ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستانی لە ئارامکردنەوەی گرژییەکان و ئامادەیی بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەرز نرخاند.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕوونی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ھەوڵدان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا و ڕۆژئاوا بەمەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەروەھا بەردەوامی و پشتگیریی ئەڵمانیای بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بەتایبەتیش لە بوارەکانی مرۆیی و سەربازیدا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ ھاوکارییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان لە بواری سەربازی و مرۆییدا و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و ھەرێمی کوردستان کردەوە، داوایشی کرد ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵی خۆیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا بگێڕن، بەتایبەتیش ھەڵگرتنی ئەو گەمارۆ و ئابڵۆقانەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپێنراون.

دەربارەی دۆخی ھەرێمی کوردستانیش ڕوونی کردەوە پێگەی ھەرێمی کوردستان کە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە ھاوکاریی دۆستان دروست بووە، کەوتووەتە ‌ژێر ھەڕەشەی فشارەکانی بەغداوە کە دەیەوێت ھەموو شتێک لە ناوەندەوە کۆنترۆڵ بکات.

ھاوکات، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر ھەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد کە داعش ھێز و خەلافەتەکەی لەدەست داوە، بەڵام وەک بیرۆکە ھێشتا ھەر ماوە و ئەگەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق ڕاست نەکرێتەوە و ھەموو پێکھاتەکانی عێراق لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتدا ھاوبەش نەبن و مافیان دابین نەکرێت، داعش بە شێوەیەکی دیکە دەردەکەوێتەوە، بۆیە بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەرتاسەری عیراق بدات و پێکھاتەکانی عێراق پشتگوێ نەخرێن، تاکو ئارامی و سەقامگیری لە عێراق جێگیر ببێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.