Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 07:27

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ھەردوو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبووەوە

لە کۆبوونەوەکاندا ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان بەرز نرخێنرا
کوردستان TV
100%

شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان، لە بەرلین، بەجیا لەگەڵ ھەردوو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2017 شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ ئەڵمانیا، لە بەرلین، بەجیا لەگەڵ ھەردوو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان بەرز نرخێنرا و لیژنەکان نیگەرانیی خۆیان بۆ گرژییەکانی ‌نێوان ھەولێر و بەغدا دەربڕی، ھەروەھا بە پێویستیان زانی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن، پشتگیریشیان لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و حکوومێکی بەھێز لە ھەرێمی کوردستان کرد.

لیژنەکان، ڕوونیان کردەوە کە ئاسان نەبوو پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری ناردنی ھاوکاریی سەربازی بۆ دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی بدات، بەڵام بە ‌پێویست زانرا ڕووبەڕووی ئەو ھێزە تیرۆرستییە ببنەوە کە ھەڕەشە لە ئاسایشی ھەموو جیھان دەکات و لەمەودواش ھەوڵ دەدرێت پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێزتر بکرێت تا بتوانرێت ئارامی لە ناوچەکە بەرقەرار ببێت، ھاوکات لیژنەی بەرگریش جەختی لە بەردەوانیی پشتگیری لە پێشمەرگە کردەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد بۆ ئەو بڕیارە بوێری ناردنی ھاوکاری سەربازی بۆ ھەرێمی کوردستان و ھیوای بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولای لە ھەموو بوارەکاندا خواست.

ھەروەھا بە ‌پێویستی زانی ئەڵمانیا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵێکی بەرچاو لە دەستپێکردنی دیالۆگی ھەولێر ـ بەغدا بگێڕێت و دوای داعش نەخشەڕێگەیەکی سەرتاسەری بۆ عیراق ھەبێت، چونکە خەریکە داعش لە بەرگێکی دیکەدا دروست دەبێتەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییەش پێویستە گفتوگۆیەکی جدی ھەبێت و بەغدا ھان بدرێت لەگەڵ ھەموولایەک ھاوکار بێت.

ئاماژەی بەوە کرد دیالۆگێکی جددی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و ھەنگاو بەرەو ھەڵبژاردن دەنرێت کە چارەسەرێکی باشی دۆخی ناوخۆیە، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەڵمانیا ھەر ھاوکارییەک بۆ عێراق لە ڕێگەی ئای ئێم ئێفەوە بکات، ھەوڵ بدات شایستەی ڕەوای ھەرێمی کوردستانی لێ بدرێت، ھەروەھا پشتگیریی ڕیفۆرمەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات،‌ چونکە بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان، بەھێزکردنی پرۆسەی دیموکراسییە لە ناوچەکەدا. سوپاسی ڕێکخراوە مرۆییەکانی ئەڵمانیایشی کرد بۆ ھاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.