Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 21:23

نێچیرڤان بارزانی: موئامه‌ره‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌تر له‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌که‌ن له‌سه‌ر کوردستان هه‌یه‌

دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ
نێچیرڤان بارزانی: موئامه‌ره‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌تر له‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كه‌ن له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌
کوردستان TV
#7
100%

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21/12/2017 ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هه‌فتانه‌كه‌یدا تیشکی خستەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، ڕەوشی ئەم دواییەی کوردستان و هەروەها ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ خاتوو ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکار و به‌ڕێزان وەزیرانی دەرەوە، بەرگریی و لیژنه‌كانی په‌یوه‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی پەرلەمانی ئەڵمانیای خستەڕوو.

ده‌قی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان

سەرەتا بەڕێزیان باسی لە سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەریمی کوردستان بۆ ئەڵمانی کرد و ڕایگه‌یاند "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێمە لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە هاوکات جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیە، سه‌ردانی ئه‌ڵمانیامان كرد و دیدارمان هەبوو لەگەڵ سەرۆک وەزیران خاتوو ئه‌نگێلا مێرکڵ، وەزیرەی دەرەوە، پەرلەمان و وەزیری بەرگریی ئه‌ڵمانیا. سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا دەکەین بۆ بانگهێشتکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لەو کات و ساتەدا و هەروەها سوپاسی ئەو هاوکارییانە دەکەین کە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستانی کردووە هەر لە شەڕی داعشەوە تا هاوکاریی مرۆیی. لە شەڕی داعشیشدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بووە لەو بەرگرییەی کە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان کردوویانە دژ بە تیرۆریستانی داعش. سوپاسگوزار بوون، ڕۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیان زۆر بەرز نرخاند. ئێمە لەم دانیشتنانەدا لەسەر چۆنیەتیی یارمەتیدانی ئەوروپا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی و دانوستان و گفتوگۆ لەگەل بەغدا، کۆمەڵێک بیروبۆچوونمان لەگەڵ خاتوو مێرکڵ، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئاڵوگۆڕ کرد. 

ئێمە هەستمان کرد کە ئەڵمانیا بە هاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا دەیانەوێ یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بن بۆ چارەسەری هەموو ئەو کێشانەی کە هەرێم و بەغدا هەیانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بۆ سەقامگیری و ئارامی و گەیشتن بەو مافە دەستوورییانەی کە هەرێمی کوردستان و هەموو گەلی عێراق دەنگیان پێداوە. ئێمە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەڵمانی جه‌ختمان له‌وه‌ کردەوە کە پابەندین بە دەستووری عێراق و چارەسەری کێشەکانی خۆمان لە چواچێوەی دەوستووری عێراقدا و پابەندین بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق و ڕێزمان هەیە بۆ ئەو بڕیارانەی کە دەریانکردووە و خوازیاری ئەوەشین کە کێشەکانی هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکرێت و پابەندیی خۆشمان بۆ عێراقێكی‌ یەکگرتوو کە بتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی خۆی و دەوروبەر دابین بكات، دووبارە کردووەتەوە. بەشێوەیەکی گشتی پێزانینم هەبووە بۆ ئەم بانگهێشتە و پەیامێکیش بووە بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵانەی ڕابردوودا لە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و پەیامێکیش بوو بۆ ئەوەی ئەوان یارمەتیدەر بن له‌ چارەسەركردنی کێشەکان".

دەربارەی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی، بەڕێزیان وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو کەسانەی لەو ڕووداوانەدا گیانی خۆیان لەدەست دا و هیوا خواستن بۆ چاکبوونەوە بریندارەکان، گووتی "وەک پرەنسیپی هەر وڵاتێكی دیموکراسی، خۆپیشاندان مافی هاووڵاتییانی هەر وڵاتێکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام دروستکردنی ئاژاوە و سووتاندنی فه‌رمانگه‌كانی حکوومی و قایمقامییەت و بارەگای حزبەکان، بەڕاستی ئەمە ناکەوێتە چوارچێوەی دەربڕینی داواکاری بۆ مافەکانیان، ئەمە زیاتر بە داخەوە دەستێکی تێکدەر هەیە و دەیانەوێ بەم شیوەیە، تەنانەت ئاراستەی خۆپیشاندەران کە دەیانەوێ بە شێوەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بە لایەکی دیکەدا دەبەن. ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی جددی ده‌ده‌ین تا ڕێگه‌ له‌ ڕوودانی ئه‌مه‌ بگرین. ئێمە دەزانین تەحریک هەیە، دەزانین کە خەڵک هەیە پاڵپشتی دەکات بۆ ئەوەی زیاتر ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان دروست بکات، بە دڵنییاییەوە هێزە ئەمنییەکان و گەلی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی دژی ئەم شتانەیە و ئێمە ئەوە دەبینین. ئەمە خرۆشێکی جەماوەری نییە و دەستێکه‌ بۆ تێکدان، دەیەوێ کێشە دروست بکات، سوپاسی گەلی کوردستان دەکەم جارێکی دیکە بۆ تێگەیشتنیان. گومانتان لەوە نەبێت، ئێمە لە داواکاریی ئەم خەڵکە تێدەگەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ پێویستیمان بە یەکڕیزی هەیە، یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و یەکڕیزیی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. ئەگەر ئێوە سەیر بکەن کەی ئەم شتانە ڕوویدا، لە کاتێکدا کە هێزەکانی عێراقی هەڕەشەیان دەکرد لە بەرەی مەخموور، لە هەمان کاتدا ئەم ئاژاوانەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکرد. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بەردەم هەڕەشەیەکی زۆر جددییە، دەبێ زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەین. ئەگەر خۆمان یەکڕێز نەبین و هاوکار نەبین بۆ دەربازبوون، کەس براوەی ئەو وەزعە نییە، هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی کوردستان و گەلی کوردستانیش، دەبێ دەرک بەوە بکه‌ن کە ئەم پیلانهی‌ لە کوردستان هەیە زۆر گەورەترە لەوەی که‌ هەستی پێدەکرێت. یەکڕێزیی ئێمە دەتوانێ لەم قۆناغە دەربازمان بکات. مەسەلەی بژێوی ژیانی خەڵک، ئەمە داواکارییەکی ڕەوایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێ جەماوەری کوردستان و ئێوەی بەڕێزیش لەوە تێبگەیەنم کە داهاتی هەرێمی کوردستان لە پێش ئەم ڕووداوانه‌ بووەتە نیوەی ئەو داهاتەی کە پێشتر هەمانبووە. هەر بۆ زانیاریتان پیشتر ئەگەر بمانتوانیبا ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەین، ئێستا ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ ٢٥٠ هەتا ٣٠٠ هەزار بەرمیل، لەوە زیاتر نییە. لەبەر ئەوەی خاڵە سنوورییەکانی ئێمە ئێستا ئەوانەی کە لەگەڵ ئێران هەیە، یەکێکیان بە فەرمی کراوەتەوە و ئەوانەی دیکە داخراون. ئەو شتانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە لێرەوە بەرەوە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەردەچێت، لە بازگەکان بە ناوی حەشدی شەعبی و شتی دیکە پارەیان لێوەردەگیرێت، ئەمانە هەمووی بووەتە هۆکاری ئەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان کەم کراوەتەوە، ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە ناتوانین مووچە دابین بکەین، حەز دەکەم بە دڵنییاییەوە بڵێم ئەوەی پێمان بکرێت بۆ مووچەی خەڵک دەیکەین و بەردەوام دەبین و ڕێگەش هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەم بارودۆخە ناخۆشە دەرچین".

بڕیاردان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی لە کوردستان، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو و لەو بارەیەوە بەڕێزیان گووتی "هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ پەرلەمانی کوردستانیش کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو بۆ هەندێ چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان. بڕیاری ئەوەمان داوە کە پێکەوە هەردوولامان لیژنەیەکی هاوبەشمان هەبێت بۆ باسکردن لەسەر هەموو ئەو شتانەی کە لە هەرێمی کوردستان پێویستە بکرێت لەڕووی چاکسازییەوە. لە ڕووی پڕۆژە یاساوە، ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی وەزیرانیش چەندین پڕۆژە کە پێویست دەکات بیبەینە پەرلەمان و لەوێ بڕیاری لەسەر بدرێت بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی، ئەمانەمان ئامادە کردووە و لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ دەکرێت، پێشتر گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون و ئەوان ئاگاداری ئەوەن، بە هیوای ئەوەی ئەمانە بە زوویی لە پەرلەمان بڕیاریان لەسەر بدرێت و بتوانین بیانخەینە واری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەرلەمان وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت. لەو بارەیەوە بەرێز سەرۆک وه‌زیران گووتی "هەفتەی ڕابردوو نامەیەکم بۆ پەرلەمانی کوردستان نووسیوە و داوام کردووە ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت کە پەرلەمان داوای کردووە و ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت کە لە سێ مانگ تێپەڕ نەکات. بە قەناعەتەوە دەیڵێم، ئەگەر بمانەوێ لە ڕووی سیاسییەوە لەم بارودۆخە دەربچین، پێویست بەوە دەکات کە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت و کۆمسیۆنیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و خەریکن تۆماری دەنگدەران پاک دەکەنەوە و دەستیان بەم پڕۆسەیە کردووە و ئێمە بە فەرمی لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆن دادەنیشین بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن کە ئێمە هیوادارین لە سێ مانگ تێپەڕ نەکات".

لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی هەڵوێستی حکوومەت لەسەر نانەوەی پشێوی بەرێزیان دووپاتی کردەوە کە "خۆپیشاندان مافی ڕەوای هەر کەسێکە لە هەر وڵاتێک، بەڵام ڕێڕەوی دەگۆڕدرێت. لە جیاتی خۆپیشاندان بۆ داواکاریی خەڵک، دەگۆڕێت بۆ سووتاندنی بارەگاکان و دروستکردنی کێشەکان، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا ئەو بەرپرسیارێتییەمان هەیە کە سنوورێک بۆ ئەو فەوزایە دابنێین و بە تەئکیدیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوەدا جدییە کە نابێت ئەو فەوزایە پەرە بستنێت و هەموو هەوڵێک ده‌درێت بۆ ئەوەی ئەو شتانە لە شوێنی خۆی بوەستێت".

هەروەها لەسەر کشانەوەی کوتلەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەت، ئاماژەی بەوە دا "برادەرانی گۆڕان دەمێکە لە حکوومەت نین و لە بڕیاری خۆشیاندا لە ئیداری ناوچەیی لە سلێمانی و لەو سنوورە هەر دەمێننەوە. بە نیسبەت کۆمەڵیش من شەخسی تێناگەم و وەک ئێوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە گوێم لە بەیاننامەکەیان بووە، زۆر بەداخەوە دەبوایە ئەوان داوای کۆبوونەوەیەکیان لە حکوومەتی هەرێم كردبا و هۆکاری کشانەوەیان بۆ ئێمە باس بکردبا و پێش ئەوەی ئەوان بڕیاری خۆیان بدەن، دەبوایە هەندێ قسەیان لەگەل ئێمە بکردبایە. ڕێزمان هەیە بۆ بڕیارەکەیان، بەڵام لە کاتێکدا کە ئێمە داوای هەڵبژاردن دەکەین لە سێ مانگی دیکە، هیچ هۆكارێك بۆ ئەم بابەتە نابینین. من وەک سەرۆک وەزیران، حکوومەتی هەرێم، پێداگرین لەسەر یەکڕیزی، سوورین لەسەر ئەوەی کە لەم قۆناغە سەختەدا هەموومان پێکەوە بین و پێداگریی ئێمە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر لایەنی دیکە نایەوێ بەو شێوەیە بێت، هەر ئەوەندەمان پێدەکرێت کە ئێستا هەیە. ئەمە بابەتی یاساییشی هەیە، ئەم وەزیرانە پێویستە دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن، دوای ئەوە دەبێ سەرۆک وەزیران ئەو دەست لەکارکێشانەوانە پەسەند بکات، هەر ئەوەندە نییە ڕایبگەیەنن و شتەکە تەواو دەبێت. ئەوە چوار ساڵە ئێمە پێکەوەین، یانی هەتا ئێستا نەیاندەزانی وەزعەکە چۆنە، ئێستا تێگەیشتوون کەموکووڕی هەیە؟ سێ مانگمان ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئەوە میللەت با ئەو بڕیارە بدات مەبەست چییە. با من وازی لێ بێنم".

ڕۆڵی وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ناوبژیوانیی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها نامەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنامەوانان بوو و لەو بارەیەوە بەرێز نێچیرڤان بارزانی گووتی "ئەڵمانیا و سەرۆک کۆماری فەرەنساش، ئەگەر هەردوولا ئەو ڕەغبەتیان هەبێت، کە ئێمە ئەو ڕەغبەتەمان هەیە، جەنابیان دەورێک ببینن بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە. بەڵام دەبێ لایەنی بەرامبەریش ئەو ڕەغبەتەی هەبێت کە بەغدایە. ئەوان دەیانەوێ ئیش لەگەڵ ئێمە بکەن لەو بابەتەدا و ئێمەش هەموو ئامادەییەکمان هەیە بۆ ئەوەی قبووڵی ئەو دەستپێشخەرییە بکەین کە یارمەتیمان بدەن بۆ گفتوگۆ. نامەی سەرۆک کۆمار بەدەستمان گەیشتووە و ئامادەین بۆ ئەو گفتوگۆیە، پێمان وایە سەرۆک کۆمار ڕۆڵی زیاتر ببینێت بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا دەست پێبکات، ئێمەش ئامادەیی ئەوەمان هەیە کە ئەم گفتوگۆیە دەست پێبکەین".

دەربارەی چۆنیەتیی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان، بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاشكرای كرد "دەبێ کۆمسیۆن وەڵامی ئەوە بداتەوە، بەڵام لەلایەن خۆمانەوە هیچ کێشەیەکمان نییە، چ وەک حزب و چ وەک خۆشم سەرۆک وەزیران ئامادەین هەموو یارمەتییەک بدەین بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە. ئەوانەی نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، ئەم بیانووانە بە دایم باس دەکەن، خەڵکێکی تێدایە کە مردووە، خەڵک هەر لە پارتی نەمردووە، لە هەموو لایەنەکان مردووە. ئەوە نییە کە بڵێین تەنیا حزبین کە دژی پاککردنەوەین، بە پێچەوانەوە لە مەسڵەحەتی ئێمەشە ئەو تۆماری دەنگدەرانە هەمووی پاک بکرێتەوە، مردووەکان هی هەموو لایەکن. ئامادەین یارمەتیی کۆمسیۆن بدەین لەگەڵیان هاوکار بین لەگەڵ پەرلەمانیش بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکمان هەبێت کە هەڵبژاردنێكی پاک و خاوێن بێت و بتوانێ ئەو شەرعییەتە بۆ کوردستان دەستەبەر بکات و هه‌ڵبژاردنێک بێت بە پاکی بکرێت و ئینشائەڵڵا بە زووییش بکرێت".

لە بەردەوامیی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، بەڕێز سەرۆک وه‌زیران دەربارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەت، گووتی "مووچەکە دەستی پێکردووە و وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە کە مووچەکە دەستپێدەکات، ئێمە هەندێ کیشەمان هەبووە لەو ڕووەوە، ئێستا خەریکین چۆن بتوانین مووچه‌ی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان چارەسەر بکەین".

حکوومەت چ دەستێک تۆمەتبار دەکات کە دەستی لە پشت خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، پرسیارێک بوو و لەو بارەیەوە بەڕێز سەرۆکی حکوومەت گووتی "تۆمەتبارکردن ئەوە نییە من بڵێم کەسێک هەیە، بەڵام ئەگەر سەیری ڕووداوەکان بکەین، ڕووداوەکان بەشێوەیەک بوو کە هەندێک خەڵک بە خۆپیشاندان داوای مافی خۆیان دەکرد، بەڵام ڕێگەکە چۆن گۆڕا، چوونە سەر بارەگاکان و قایمقامییەت و ئیدارەی کشتوکاڵ و کارەبا، ئەگەر ئەمە دەستی لە پشت نەبێت، ئەمە داواکاریی خۆپیشاندەران و ئەو خەڵکانەیە داوای مافی خۆیان دەکەن، بە تەئکید نەخێر، دەستێک هەیە دەیەوێ تێکی بدات و ئاژاوە بنێتەوە، ئێمە باسی ئەو دەستە دەکەین. بۆ ئێمە ڕوونە کە بەو شێوەیە بووە، هەتا ئەو شوێنە کە خەڵک داوای مافی خۆی دەکات، بە لامانەوە زۆر ئاساییه‌، لەوە زیاتر بێت، بەرپرسیارێتیی ئێمەیە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانە کە دەبێ ئارامی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان بپارێزن، ئەوەی کرا، تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی. دەبێ بە جددی هەوڵ بدەین نەهێڵین ئەو ئاژاوەیە زیاتر لەوە پەرە بستێنێت و بەتەئکید حکوومەت جددییە لەوەی کە نەهێڵێت ئەو ئاژاوەیە بەو شێوەیە پەرە بستێنێت".

دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی و هەڵوێستی هەولێر لەو بارەیەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد "هەڵوێستی ئێمە پێشتریش ڕوون بووە، دەستووری عێراق ڕێگەی داناوە بۆ چۆنیەتی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان، بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمڕۆوە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری عێراق ئەو ئیدارە هاوبەشە دروست بکات لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان و چارەسەری ئەو کێشەیە بکات. داخستنی فڕۆکەخانەکان بە ڕاستی زیانێکی زۆر گەورەی بەوانە گەیاندووە کە کێشەی تەندروستییان هەیە و ناچارن هاتووچۆی دەرەوە بکەن. یان ئەو ڕێکخراوانەی کە ئێستا هاوکاریی ئاوارەکانی کوردستان دەکەن کە هێشتا نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس لێرە ماوەتەوە. کێشە بۆ ئەو هەموو خەڵکە دروست دەکات کە دەیانەوێ هاتووچۆ بکەن. هەروەها ئەگەر سەیری بکەی بەرپرسان و خەڵکی دیکە دێن و دەڕۆن هیچ کێشەیان نییە، بە داخەوە ڕووی قسەم لە جەنابی سەرۆک وەزیرانە، ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق کە داویانە، تا کۆتایی ئەمساڵە، هیوادارین دوای ئەوە، هەم فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە و هەمیش کێشەکان بە دایەلۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکات، چونکە لەو بژاردەیە زیاتر پێمان وانییە هیچ بژاردەیەکی دیکە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەری کێشەکان".

لەسەر ئەوەی کە ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەستەوەستانن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە هۆیەوە هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن، بەڕێز سەرۆک وه‌زیران گووتی "ئەگەر سەیری بارودۆخی عێراق بکەین، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تائێستا، بۆچی کێشەکان چارەسەر نەکران؟ چونکە بە جددی کەس بیری لە چارەسەری کێشەکان نەکردووەتەوە، هەمیشە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە کەی کێ لاوازە و کەی کێ بەهێزە، بە ڕای من، ئەزموون و مێژوو سەلماندوویەتی، ئەگەر بەم پرەنسیپە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکرێ لە بەغدا ، بەهیچ شێوەیەک ئەم بابەتە چارەسەر نابێت. دەبێ بە شێوەیەکی ستراتیژی و دوور لەوەی کێ بەهێزە و کێ لاوازە، دانیشتن بکرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن. ئەو ئیرادەیە لای ئێمە هەیە و قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بەغدایە و دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا کێشەکەمان چارەسەر بکەین و چارەسەری کێشەکانی ئێمە لای بەغدایە و ئەو ئیرادەیە لای ئێمە هەیە و هیوادارم ئەو ئیرادەیە لای بەغداش هەبێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بگەینە چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی عێراقدا بێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. بابەتی عەرەبییەکە، کێشەی من زۆر بەداخەوە ئەوەیە ناتوانم وەکوو پێویست قسە بە عەرەبی بکەم، تێگەیشتنم باشە و لە خوێندنەوە زۆر باشە و هیچ کێشەم نییە، بەڵام لە قسەکردن نا، په‌نا به‌خوا ئەویش چاک دەبێت".

سەبارەت بە پرسی مانەوەی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم، بەڕێز سەرۆک وەزیران گووتی "ماوەی چوار ساڵە ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە و پێکەوە ئیشمان کردووە و ڕێزم هەیە بۆ هەموو ئەو وەزیرانەی کە لە کابینە ئیش دەکەن، وەزیرەکانی کۆمەڵ، یەکگرتوو، گۆڕان، یەکێتی، پارتی، ئەوەی پێیان کراوە تائێستا کردوویانە. بابەتی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت لە ئارادا نییە، نازانین بۆ دەبێ هەڵبوەشێتەوە، ئێمە لە کاتێکدا دەڵێین لەماوەی  ٣ مانگدا هەڵبژاردن بکرێ، هیچ پاساوێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت نابینین، یەکڕیزی بە زۆر دروست نابێت. ئێمە لەوە زیاتر هیچمان پێ ناکرێت، ڕێزم هەیە بۆ بۆچوونی هەر حزبێک، بەڵام گرنگ ئەوەیە واقعبین بن لەو پرسەدا، گرنگ ئەوەیە کە بە شێوەیەک بڕیار بدەن کە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت بە شێوەیەکی گشتی، ٤ ساڵە ئێمە پێکەوەین، ٣ مانگمان ماوە بۆ هەڵبژاردن، تازە بە تازە تێگەیشتوون کە کەموکووڕی هەیە و دەبێ بکشێنەوە. ڕوونە دەیانەوێ یارییەکی سیاسی بە عەقڵی ئەو خەڵکە بکەن. ئەگەرنا ٣ مانگی دیكه‌ هەڵبژاردنمان هەیە و سندووقی هەڵبژاردن و گەل هەموو شتێک یەکلا دەکاتەوە. گەلی کوردستان شتەکان یەکلا دەکاتەوە. کام حزب دەردەچێت، چ دەسەڵاتێک دێت، ئێمە دەبێ کێشەکانی خۆمان لە ڕێی سندووقی دەنگدانەوە یەکلایی بکەینەوە، بە کشانەوە نە هیچ چارەسەر دەبێ و نە هیچ شتێکیش دەگۆڕدرێت".

سەبارەت بە پرسی مووچەی هێزەکانی پیشمەرگەش بەرێزیان ئاماژەی بەوە دا "خەریکین و لەگەڵ وەزارەتی دارایی دانیشتنی بەردەواممان هەیە بزانین چۆن کێشەکە چارەسەر بکەین. گومان لەوەدا نییە کە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 یش دەبێ یارمەتیدەر بن، بەڵام هەوڵ دەدەین کێشەکانیان چارەسەر بکەین".

بەڕێزیان هەروەها لەسەر چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان یان ڕاستەوخۆ لە ناو خەڵک، دووپاتی كرده‌وه‌ "تائێستا ئەو بابەتەمان باس نەکردووە، بەڵام ئامادەین ئەو بابەتەیان لەگەڵ باس بکەین بۆ ئەوەی بزانین بە چ شێوەیەک دەبێت و لەگەڵ پەرلەمان قسەی لەسەر دەکەین".

پرسی ڕێگەنەدان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە هەولێر پرسیارێک بوو و بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە "ئاگادار نیم داوای خۆپیشاندانیان کردبێ، هەر تاکێک لە هەر وڵاتێک بە هێمنی و مەدەنییانە کێشە نییە، بەڵام خۆپیشاندانێک ببێته‌ هۆکاری تێکدانی باری ئەمنی، هەر خەڵکی کوردستان خۆیان قبووڵی ناکەن. هەموو ئەوانەی ئەو ئاژاوەیان دروست کردووە ٢ هەزار کەس بوون خۆ زیاتر نییە، خەڵکی کوردستان دژی ئەمەیە، کەس پێی خۆش نییە ئەم ئاژاوەیە دروست بکرێت، بەڵام وەک دەربڕینی ڕەئی خۆیان، مافی خۆیانە".

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران ڕاوەستا و دووپاتی کردەوە کە "دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و دەکەوێتە سەر سیستمی خۆی و بەردەوام دەبێت، ئێستاش دابەش دەکرێت، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە کە مووچەکە دابەش دەکات و بەردەوام لە مانگەکانی دیکەش دابەش دەکرێت. ئەوەی من دەمەوێت شیبکەمەوە، ڕۆژانە سەرۆک وەزیران دەڵێت من مووچە دەنێرم و ئامادەم پارە بدەم. دوای ئەو شێوەیە کە لە کەرکوک کرا، ئێستا بەو نەوتەی کە لە کەرکوکە، نە مەجالی ئەوە دەدەن هەرێمی کوردستان ئیستیفادەی لێبکات و نە خۆیان ئیستیفادەی لێدەکەن بە تەواوەتی، هەندێکی بیستوومە ڕێککەوتوون بچێتە ئێران، ئەوی دیکە دەمێنێتەوە لەوێ، ئەگەر ئەوان ئەوەندە لە خەمی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن، بۆ دەرفەتی ئەوە نادات بە ڕێککەوتنێک ئەو نەوتە هەناردەی دەرەوە بکرێت بە سیستمێک کە هەردوولا لەسەری ڕێکبکەوین مووچەی هەرێمی کوردستان دابین بکات. هەموو ڕۆژێکیش لەسەر تەلەفزیۆن دەڵێن ئێمە مووچە دەدەین، ئێمە ئامادەین مووچە بدەین، ئەوە تەنیا بۆ ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان وا تێبگەن کە ئەو ئامادەیە مووچە بدات و ئێمە ناهێڵین، ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە، ئێمە ئامادەین بایۆمەتری و لیستیان بۆ دەنێرین با فەرموون وردبینی بکەن و مووچە بدەن. بۆ مەسەلەی دانوستاندنیش ئەگەر ئەوان ئامادەبن، ئێمەش ئامادەین و ئەمە تەنیا ڕێگەیە".

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.