Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 23:27

لقی رانیەی یەکێتیی زانایان:  تێکدان و سووتاندنی دامودەزگاکان بە کارەسات دەزانین

لقی رانیەی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/12/2017، لقی رانیەی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

بەیاننامەکەی لقی رانیەی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بریتییە لە حەوت خاڵ کە تێدا ھاتووە، خۆپیشاندان کارێکی خۆڕسک و مەدەنییانەیە و مافی ڕەوای ھەموو گەلێکە، پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو و دوور لە توندووتیژی ئەنجام بدرێت، ھەروەھا ھەموو کاولکارییەک و تێکدان و سووتاندنی دامودەزگاکان بە کارەسات دەزانین، پێویستە گەلەکەمان لێی دوور بکەوێتەوە و زیان بەکەس نەگات".

لە بەیاننامەکەی یەکێتیی زانایانی رانیە، ئەوەش خراوەتە روو، کە کوشتن و گرتن و پەلاماردان بە کارێکی ناڕەوا و ناشەرعی دەزانن، پێویستە چیتر نەبێتە سیمایەکی ناشرین بۆ ئێستا و داھاتوو، ھاوکات بە پێویستی دەزانن کە چیتر زیان بە خۆمان نەگەیەنین و خوێنی یەکتر نەڕژێنین، بۆیە داوا لەبەرپرسانی حزبی و حکوومی دەکەن کە داخوازییە ڕەواکانی گەل بەدڵسۆزانە جێبەجێ بکەن.

لقی رانیەی یەکێتیی زانایان، ئەوەشی روون کردووەتەوە: "داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەپەلە، ئەرکی سەرشانیان ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خەڵکی بەشمەینەت و مافخوراو، خۆپیشاندان دەبێت لەچوارچێوەی مەدەنیەتدا بێت و چیتر خەڵک تووشی ماڵوێرانی و نەھامەتی نەبێتەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ژمارەیەک لە ھاووڵاتییان خۆپشیاندان ئەنجام دا و بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش پەلاماری بارەگای حزبەکان و دامودەزگا حکوومییەکانیان دا و لە خۆپیشاندانەکەی سێشەممەی ڕابردووی رانیە، توندوتیژی لێکەوتەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەک ھاووڵاتیی بوونە قوربانی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.