Erbil 38°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 07:24

کۆمیسیۆن: هەنگاوی باشمان بڕیوە بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران

كۆمیسیۆن: ئامادەكارییەكمان تێدایە كە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان دەڵێ، بڕیار وایە پەرلەمان لە ماوەیەكی نزیكدا كۆمیسیۆن بانگ بكات و لەسەر هەڵبژاردنەكان پێكەوە دابنیشن. دەشڵێ، "هەموو ئامادەكارییەكمان تێدایە كە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، ئەگەر حكوومەت و پەرلەمان ئەوەی پێویستمان پێیە بۆمان دابین بكەن".
 
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە نامەیەكدا داوا لە پەرلەمان و كۆمیسیۆن دەكات رێكارە یاساییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا بگرنە بەر، بەپێی یاسا دەبووایە لە 6/11/2017 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرایە، بەڵام پێش ئەو وادەیە پەرلەمان ماوەی كاركردنی خۆی بۆ هەشت مانگی دیكە، تاوەكوو مانگی حوزەیرانی 2018، درێژ كردەوە.
 
شێروان زرار گوتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، تا ئێستا بە فەرمی داوا لە ئێمە نەكراوە، بەڵام وا بڕیارە پەرلەمان بانگهێشتی ئێمە بكات و ئامادەكاریمان تێدایە كە لەگەڵ پەرلەماندا كۆ ببینەوە، چاوەڕوانی ئەوان دەكەین و، دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ پەرلەمانیش، ڕای فەرمیی خۆمان رادەگەیێنین، لە 6/11 نووسراومان كردووە بۆ حكوومەت و پەرلەمان و داوامان كردووە لە كاتی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن ڕاوێژمان پێ بكرێت، ئەوەی بە ئێمە گەییشتووە بڕیارە پەرلەمان لە ماوەیەكی نزیكدا كۆمیسیۆن بانگ بكات و پێكەوە دابنیشین، كە چیمان پێویستە، بوودجەمان چەند پێویستە، كات چەند پێویستە، لەگەڵ دابینكردنی ئەو شتانەی دەتوانین هەڵبژاردنی پێ ئەنجام بدەین، بۆیە ئامادەكاریمان تێدایە كە لەگەڵ پەرلەمان كۆ ببینەوە و چاوەڕوانی ئەوان دەكەین".
 
ڕوونیشی كردەوە، "بۆ هەڵبژاردن بوودجە و كاتمان پێویستە، هەروەها هاوكاریكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكانمان پێویستە بە تایبەتی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ناوی مردووان و ناوی دووبارە، ئەوەیش پێویستی بە هاوكاری و هاوئاهەنگیی دامودەزگاكانی حكوومەتە، وەكوو وەزارەتەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، لەو ڕووەوە پێویستمان بە هاوكاریی ئەوانە و، لەسەر كاركردنیش بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەنگاوی باشمان بڕیوە، سەرۆكی كارگێڕیمان هەڵبژاردووە كە كاری لەسەر بكات، ناوی دووبارە لاببات و ناوی مردووان پاك بكاتەوە، ئیدی هەموو ئەوانە لە كۆبوونەوە لەگەڵ حكوومەت و پەرلەماندا باس دەكەین و داواكارییەكانی خۆمانیان بۆ دەخەینە ڕوو، هەر كاتێك گەییشتینە ئەنجام و داواكارییەكانمان جێبەجێ كران، ئەركی ئێمەیە هەڵبژاردن بكەین، بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2014ـیش ئەركی كۆمیسیۆنی كوردستانە كە هەموو هەڵبژاردنەكانی هەرێم، هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدات".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.