Erbil 38°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 17:31

پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح

كوردستان هەمیشە پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و هەموو پێکهاتەکانی تر دەمێنێتەوە
پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح
کوردستان TV
100%

له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، بوونی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان لە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراق کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵگەی بەهای بەرزی پێکەوەژیانە لەناو گەلەکەماندا و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگری لە سەرجەم پێکهاتەکان کردووە. 

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌، كوردستان هەمیشە پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و هەموو پێکهاتەکانی تر دەمێنێتەوە.


ده‌قی په‌یامی سه‌رۆك بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ‌ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم.

لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بەشێكی زۆری خوشك و برا كریستییانەكانمان سەروماڵیان کەوتە بەر هەڕەشە و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشت و ڕوویان کردە ناوچە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە توانی تیرۆریستان تێک بشکێنێت و ناوچە کریستیاننشینەکان ئازاد بکاتەوە، لەو شوێنانەی لە هەڕەشەی تیرۆریستان دوور بوون، بەشێک لە ئاوارەکان گەڕانەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە بەهۆی پەلاماردانی دەشتی نەینەوا لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کریستیانەکان تووشی ئاوارەیی بوونەتەوە.

بوونی هزری توندڕۆیی و جیاکاری جا لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت، هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر پێکەوەژیان و ئاسایش و ئارامی. بوونی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان لە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراق کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵگەی بەهای بەرزی پێکەوەژیانە لەناو گەلەکەماندا و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگری لە سەرجەم پێکهاتەکان کردووە و كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و هەموو پێکهاتەکانی تر دەمێنێتەوە.

خوشک و برایانی مەسیحی دڵنیا دەکەینەوە کە لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و هاوبەشین و هیچ هێز و هزرێكی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێكەوەژیانمان تێك بدات.

هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوەی ئازیز و هەموو ساڵێک لە ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانتان پیرۆز بکەن.


مسعود بارزانی

٢٥ـی١٢ـی٢٠١٧

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.