Erbil 38°C یەکشەممە 13 تشرینی یەکەم 05:30

لەهەڵبژاردنەکانی عێراقدا 100 هەزار هاووڵاتی یەک نوێنەری دەبێت

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن لە شاری سلێمانی كۆنفڕانسێك به‌رێوه‌چوو
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شاری سلێمانی كۆنفڕانسێك بۆ دواین ئامادەكاری و پڕۆسە ئەلیترۆنییەكانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەچوو، له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خرایه‌ ڕوو تۆماری دەنگدەران گەورەترین كێشەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێویستە سەرژمێری بكرێت.


هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەمیانەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسێكی تایبەت بە پرۆسەی بە ئەلیكترۆنی كردنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان ماوەیەكی زۆری ویستووە، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا جیاكردنەوەی دەنگەكان لە ڕێی سندووقێكی ئەلیكترۆنییەوە دەبێت و سندووقەكە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی دەنگەكان جیا دەكاتەوە.


زیاتر گوتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوو گرێبەستی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئیسپانیایی و كۆریای باشوور بۆ كڕینی و پڕكردنەوەی سەرجەم پێویستییەكانی هەڵبژاردن لە پرۆسەیەكی ئەلیكترۆنیدا كردووە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، 600 هەزار كەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆماری بایۆمەتری كردووە و تەنیا لەناو پێشمەرگەدا 73% لە هێزەكانی پێشمەرگە ناویان تۆمار كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆسەكە ڕۆڵی مرۆڤ لە جیاكردنەوەی دەنگداندا دووردەخاتەوە و لە دەست حزب و هێزی سیاسی  پارێزراو دەبێت.

بەرپرسەكەی كۆمسیۆنی عێراق ئاشكرای كرد كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق 100 هەزار هاووڵاتی یەك نوێنەری دەبێت و سلێمانی 19 یان 20 كورسی بەردەكەوێت و لەو ڕێژەیەش  25%ی بۆ ژنانە.

گوتیشی: تۆماری دەنگدەران گەورەترین كێشەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن،  پێویستە سەرژمێری بكرێت و هەر هاووڵاتیەك خاوەن كۆد و پێناسی تایبەت بەخۆی هەبێت، حكومەت بەهۆی دۆخی سیاسی سەرژمێری نەكردووە، بۆیە كۆمسیۆن سەرژمێری دەنگدەران دەكات و پڕۆسەی بایۆمەتری جێبەجێكردووە و ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە سەرجەم زانیارییەكانییان تۆمار دەكرێت.

هاوڕێ تۆفیق گوتیشی: بەشێك لە كوتلە سیاسیەكان داوایان كردووە تەمەنی پاڵێوراو كەمبكرێتەوە بۆ 25 ساڵ، چونكە لە عێراق پاڵێوراو بەپێی پەیڕە و یاسای هەڵبژاردن دەبێت تەمەنی لە 30 ساڵ كەمترنەبێت ئەو كات دەتوانێت خۆی كاندید بكات.

بڕیارە هەڵبژاردنەكانی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و تا ئێستا دیار نییە چەند فراكسیۆنی سیاسیی بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.