Erbil 38°C یەکشەممە 13 تشرینی یەکەم 11:20

کونسولى نوێى تورکیا ده‌خوازێت په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ل هه‌رێمى کوردستان په‌ره‌پێبدات

فازڵ میرانى پێشوازى له‌ كونسولى نوێى توركیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد
کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازى له‌ هاكان قه‌راچاى كونسولى نوێى كۆمارى توركیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.
 
له‌ دانیشتنه‌كه‌دا فازڵ میرانى وێڕاى به‌گه‌رمى به‌خێرهێنانى میوان پیرۆزبایی و خۆشحاڵى خۆى به‌ بۆنه‌ى ده‌ست به‌كاربوونى وه‌ك كونسوڵى توركیا له‌ هه‌ولێر پێ راگه‌یاند و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست له‌ كاره‌كانى و ئاماده‌یی مه‌كته‌بى سیاسى ده‌ربڕى بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنى كاره‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان.
 
هه‌روه‌ها سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى باسی له‌ ره‌وشى ئێستاى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى كرد و ئاماژه‌ى به‌ گوشاره‌كانى به‌غدا بۆ سه‌ر هه‌رێم كرد كه‌ له‌ داخستنى فرۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و خاڵه‌ سنورییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و وڵاتى ئێران كه‌ بووه‌ته‌ گرفتى گه‌وره‌ بۆ هاووڵاتیان و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌فه‌ر و سه‌ردان بۆ كوردستان ده‌كه‌ن و بووه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌ گه‌یشتنى هاوكارى مرۆڤى بۆ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێم و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ نه‌خۆشن و هه‌روه‌ها بریندارانى شه‌ڕى دژى داعش كه‌ بۆ چاره‌سه‌ر پێویستیان به‌ سه‌فه‌ر كردن بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.
 
دواتر فازڵ میرانى تاكیدى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى توركیا وه‌كو وڵاتێكى گرنگى دراوسێ كرد و سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌تى توركیاى كرد بۆ به‌هانا هاتنى گه‌لى كورد له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كان تا ئه‌م دواییه‌ى كه‌ سنوورى نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان دانه‌خراو ئالوگۆڕى بازرگانى به‌رده‌وامه ‌و هیواى خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخى پێش گشت پرسى و په‌ره‌ى پێ بدرێت.
 
له‌لاى خۆیه‌وه‌ هاكان قه‌راچاى كونسولى نوێى كۆمارى توركیا له‌ هه‌ولێر خۆشحاڵى و سوپاس گوزارى خۆى به‌ مه‌كته‌بى سیاسی راگه‌یاند بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ى كه‌ لێیان كراوه‌و هیواى خواست كه‌ بتوانێت به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌رك و كاره‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان راپه‌رێنێت و هاوكار بێت له‌ به‌ره‌وپێش بردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان و‌ڵاته‌كه‌ى و هه‌رێمى كوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.