دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 28/12/2017ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیی هه‌فتانه بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕێكخرا.
ده‌قی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
له سه‌ره‌تادا به‌ڕێزیان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا گوتی "به بۆنه‌ی هاتنی سه‌ری ساڵی نوێی زایینییه‌وه پیرۆزبایی له گه‌لی كوردستان و عێراق و گه‌لانی جیهان ده‌كه‌ین و هیوادارم ساڵی ئاینده، ساڵی خۆشی بێت بۆ گه‌لانی عێراق و به‌تایبه‌تی گه‌لی كوردستان كه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به قۆناغێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت و هیوادارم کە به‌ر به ساڵی 2018ه‌وه ده‌چین، بۆ هه‌موو لایه‌ك ساڵی خۆشی بێت".
دواتر به‌ڕێزیان باسی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كرد و ڕایگه‌یاند "ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان هه‌بوو و تیایدا هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد. ئێمه دوو ئاراسته ده‌بینین كه یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه هه‌ندێك ئیجابییات ده‌بینین له‌لایه‌ن به‌غدا وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌و نامه‌یه‌ی كه جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ناردوویه‌تی و ئێمه پێشوازیمان لێی كردووه و به شێوه‌یه‌كی فه‌رمیش وه‌ڵاممان داوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و قسانه‌ی جێگری سه‌رۆك كۆمار، بەڕێز نوری مالكی كردوویه‌تی و دواتریش قسه‌كانی به‌ڕێز ئه‌یاد عه‌للاوی به ئه‌رێنی ده‌بینین. وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه ده‌مانه‌وێ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌ندێك بابه‌ت ورووژێنران به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به داهاتی نه‌وت كه من ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی نه‌وت و گازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌م ڕاسپاردووه هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی عه‌بادی كردوویه‌تی كه به‌داخه‌وه دوور بووه له زانیاریی پێویست، به ژماره ئه‌مڕۆ وه‌ڵام بدرێته‌وه. هه‌روه‌ك ئاگادارن له به‌غداوه لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونه‌وه به میلاكاتی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی دروستكراوه به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی مووچه‌كانیان خه‌رج بكرێت، ئه‌مه به هه‌نگاوێكی باش ده‌بینین و لاریمان نییه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ئاماده‌ین به‌پێی سیسته‌می بایۆمه‌تری داتاكان بده‌ینه به‌غدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاماده بن مووچه دابین بكه‌ن. هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كی دیكه‌یان بۆ خاڵه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان داناوه كه زۆر به‌داخه‌وه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م لیژنه‌یه ده‌ست به كار و چالاكی و قسه‌كانی خۆی بكات، دوو مانگ ماوه‌ی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانییان درێژ كردووەته‌وه. به‌داخه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان وه‌ك كارتێكی فشار دژی هه‌رێم و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنێت و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاووڵاتیان و ئاواره و په‌نابه‌ران و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێویستییان به چارەسه‌ری نه‌خۆشی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه، كردووه و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی داخه حكوومه‌تێك بیهه‌وێ به‌م شێوه‌یه سزای هاووڵاتیانی خۆی بدات. ئێمه ئه‌وه به سزایه‌ك له‌سه‌ر هاووڵاتیان و هه‌موو عێراقییه‌ك كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین و ئاواره و په‌نابه‌ران ده‌بینین، چونكه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌كه مرۆییه‌كانیش هه‌یه و وه‌ك هه‌ر هاووڵاتییه‌كی ئه‌م وڵاته خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان مافی سهفەركردن و هاتووچۆیان هه‌یه".
له به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ندێك هه‌نگاوی چاكسازیی پێویست كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌نجامدراون و بۆ په‌رله‌مانمان ناردووه، دووپات‌مان كرده‌وه كه ئێمه ئه‌م چاكسازییانه ئه‌نجام ده‌ده‌ین و دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجامدانی له په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت، وه‌ك حكوومه‌ت پابه‌ندین به جێبه‌جێكردنیان".
دواتر له وەڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی ده‌ستپێكردنی دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له ساڵی داهاتوودا، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ شتێكمان ده‌رباره‌ی گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا پێنه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام ئه‌و خواسته لای هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ و دانوستان چاره‌سه‌ر بكات و ده‌مانه‌وێت ده‌ستی پێبكه‌ین و هه‌ر كاتێك به‌غدا ئاماده بێت ئێمه‌ش ئاماده‌ین".
سه‌باره‌ت به كه‌مپینی تۆڕی میدیایی ڕووداو بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه له ده‌ربه‌ندیخان و دوا وته ئه‌رێنییه‌كانی به‌ڕێز نوری مالكی ده‌رباره‌ی هه‌رێمی كوردستان و مه‌رجه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ مانه‌وه‌یان له‌ناو حكوومه‌ت، به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ده‌ستخۆشی له تۆڕی میدیایی ڕووداو ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و كاره‌ی كردووتانه بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان و ئه‌و سنووره و ئه‌مه كارێكی مرۆیی و باشه و سوپاستان ده‌كه‌ین و ڕێزمان هه‌یه بۆ ئه‌م كاره‌تان. سه‌باره‌ت به قسه‌كانی جه‌نابی به‌ڕێز نوری مالكی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق، پێشوازیی له‌و قسانه‌ی ده‌كه‌ین و پێشوازی له دانوستانێكی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ین، لێره پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئێمه سه‌قامگیریمان ده‌وێت له‌م وڵاته‌دا یان نا؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌كمان سه‌قامگیریمان ده‌وێت، ئه‌وا سه‌قامگیری پێویستی به دانوستانێكی جددی هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا قسه‌كانی جه‌نابی جێگری سه‌رۆك كۆمار جێگه‌ی ڕێزه و پێمان وایه ڕێگه‌ی ڕاست ئه‌وه‌یه و ئه‌م قسانه به ئاراسته‌یه‌كی دروست و گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان ئێمه و به‌غدا ده‌زانین. ده‌رباره‌ی مه‌رجه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامیش، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن هه‌میشه به به‌رپرسیارییه‌وه ڕه‌فتاری كردووه و له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و ئه‌و شتانه‌ی كه داوایان كردووه پێمانوایه هه‌مووی له خێر و به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندایه و ئه‌وه‌ی ئێمه بۆمان بكرێت جێبه‌جێیان ده‌كه‌ین و ئه‌مڕۆ به فه‌رمیی له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بكرێت و پێشوازیش له‌و داواكارییانه ده‌كه‌ین و حكوومه‌ت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و داوكارییانه جددی ده‌بێت".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی گونده كوردییه‌كانی ناوچه جێناكۆكه‌كان له‌ژێر ناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "نیگه‌رانین له‌و هه‌وڵه‌ی ئێستا ده‌درێت و له زۆر ناوچه‌ی دیكه ته‌عریب ده‌ستی پێكردووەته‌وه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه له به‌رژوه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان نازانین و پێمان وایه ته‌عریبكردنی ناوچه‌كه به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه و نائارامیی زیاتر له‌و سنووره دروست ده‌كات و نابێته هۆی چاره‌سه‌ركردنی هیچ كێشه‌یه‌ك. داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پرۆسه‌یه ڕابگیرێت و داوا له حكوومه‌تی عێراق و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین بێنه سه‌ر هێڵ، چونكه تەعریبكردنی ناوچه‌كه زنجیره‌یه‌كی دیكه‌ی نائارامی له ناوچه‌كه ده‌ست پێده‌كاته‌وه و كێشه‌كان به‌و شێوه‌یه چاره‌سه‌ر ناكرێن و به هیچ شێوه‌یەك نابێت ئه‌مه ئه‌نجام بدرێت".
هه‌ر ده‌رباره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی داخرانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی له‌لایه‌ن به‌غداوه و دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند "هه‌روه‌ك باسم كرد ئه‌وان داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان وه‌ك كارتێكی فشار له‌سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنن، وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بوایه به شێوه‌یه‌كی دیكه ڕه‌فتار بكات و هه‌ستی به به‌رپرسیارێتی خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌موو عێراق بكردبا. داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان جیا له‌وه‌ی فشارێكه بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئاواره و په‌نابه‌ران و ئه‌وانه‌ی پێویستییان به هاتووچۆ هه‌یه، هیچی دیكه نییه و تێناگه‌ین هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نییه له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كان، پێشتر گوتوومانه ئاماده‌ین با بێن و دانیشتن بكه‌ین و ئه‌وه‌مان قبووڵ كردووه. به‌ڵام پرسیاره گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف بسه‌پێنێت، چۆن به‌م شێوه‌یه ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی وڵاتێك ده‌كات كه پێی ده‌ڵێن عێراق؟ ئێمه له‌سه‌ر ئه‌مه نیگه‌رانین. سه‌باره‌ت به هاپهیمانییش، بێگومان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌موو عێراقییه‌كانه و كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌م وڵاته سه‌یری ڕه‌وشه‌كه ده‌كات و به‌پێی بارودۆخی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هاوپه‌یمانێتی ئه‌نجام ده‌دات".
ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی ئاینده‌دا بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "وه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن پێویسته، چۆن ده‌كرێت و كه‌ی ئاماده ده‌بن بۆمئهوهی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بكه‌ن و ئه‌وانیش باسی هه‌ندێك پێداویستیی خۆیان كرد كه ده‌بێت حكوومه‌ت بۆیان دابین بكات و بڕیاری هه‌ردوولامان وایه دوای سه‌ری ساڵ له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵ بده‌ین ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌ین، چونكه پێمان وایه پێویسته ئه‌مه بكرێت و به دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن ئێمه له كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ڕزگارمان ده‌بێت و گه‌لی كوردستان بڕیاری خۆی ده‌دات كه كێیان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت كێ هه‌ڵبژێرن و ئه‌مه باشترین چاره‌سه‌ره بۆ ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه. تا ئێستا هیچ شتێك نییه بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له دوای سه‌ری ساڵ و زۆر مه‌به‌ستمانه یه‌كڕیزی هه‌بێت و یه‌كڕیزیش به‌زۆر دروست نابێت و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵی بۆ بدات و به‌ش به‌حاڵی خۆمان پێمان خۆشه و حه‌ز ده‌كه‌ین، به‌ڵام به ته‌نیا ناكرێت".
سه‌باره‌ت به ناردنی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران له‌لایه‌ن به‌غداوه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "هه‌ندێك له پاره‌ی جووتیاران له‌لایه‌ن به‌غداوه نێردراوه، به‌ڵام مه‌سجه‌كان له به‌غداوه چۆنه؟ هه‌ندێك شتی ئیجابی ده‌نێرن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئامانجیان ئه‌وه‌یه سه‌رلێشێوانێك بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروست بكه‌ن و به خه‌ڵك ده‌ڵێن ئه‌وه ئێمه حازرین پاره بنێرین و ناردوومانه. ئه‌و پاره‌یه‌ی تا ئێستا له به‌غداوه بۆ فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت هاتووه، بۆ نزیكه‌ی 420 كه‌س ئه‌وانه‌ی به‌نداوه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، به‌پێی ده‌ستوور به‌نداوه‌كان وه‌ك ڕه‌گه‌زنامه و پاسپۆرت و ئیقامه سه‌ر به حكوومه‌تی ئیتحادین و ده‌بێت پاره‌كانیان له‌وێوه بێت، ته‌نیا پاره‌ی ئه‌وانه‌ی له به‌نداوه‌كان كار ده‌كه‌ن گه‌یشتووەته هه‌رێمی كوردستان و هیچی دیكه‌یان نه‌ناردووه. ئێستا لیژنه‌یه‌كیان داناوه و لیژنه‌كه باس له‌وه ده‌كات كه ئاماده‌ن مووچه‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پهروەرده و ته‌ندروستی بنێرن و ئێمه‌ش گوتوومانه ئاماده‌ین به‌پێی سیستەمی بایۆمه‌تری ئاماری هه‌ردوو وه‌زاره‌تتان بۆ بنێرین. باس له‌وه ده‌كات كه له هه‌رێمی كوردستان دوو مووچه‌ی زۆر هه‌یه و هه‌ندێك وشه به‌كار ده‌هێنێت ته‌نیا بۆ ورووژاندنی خه‌ڵكی كوردستان بۆ دژایه‌تیكردنی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌گه‌رنا ئه‌و ئاماره‌ی كه هه‌یه ده‌ریده‌خات كه خه‌ڵك هه‌یه دوو مووچه وه‌رده‌گرێت و ئه‌مه‌ش به‌پێی یاسا هه‌یه و نه‌ك ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكوو له عێراقیش هه‌یه. باسی نه‌وت ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده به‌رمیله فرۆشراوه و هه‌ر به‌رمیلی به‌وه‌نده‌یه و ده‌كاته ئه‌وه‌نده، به‌ڵام حسابی ئه‌وه ناكات كه نه‌وت ده‌رده‌هێنرێت تێچووی هه‌یه، دواتر هیچ وڵاتێك به‌تایبه‌تی له ناوچه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای (برێنت) كه پێوه‌رێكه بۆ فرۆشتنی نه‌وت، نه‌وت نافرۆشن و ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نیا هی عێراقیش ده دۆلار كه‌متر له نرخی برێنت ده‌فرۆشرێت. ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه به‌رهه‌می نه‌وتییان هه‌یه، تێچوویان هه‌یه بۆ خۆیان له بودجه‌ی عێراق 26 ترلیۆن دیناریان بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه داناوه كه له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام هی هه‌رێمی كوردستان حساب ناكه‌ن و هه‌ر ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده‌ت هه‌نارده كردووه و ئه‌م پاره‌یه به‌ش ده‌كات. له‌جیاتی ئه‌مه، قسه‌ی من بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌وه‌یه، با ئێمه دانیشتن بكه‌ین و ئاماده‌ین هه‌موو ئه‌مانه به شه‌فافیه‌ت و ڕوونی له‌گه‌ڵیان باس بكه‌ن و ئاماده‌ین وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێكیان بده‌ینه‌وه له‌مباره‌یه‌وه و هه‌رێمی كوردستان له بابه‌تی شه‌فافییه‌تدا ده‌ستپێشخه‌ری كردووه و گه‌وره‌ترین كۆمپانیای وردبینی هێناوه‌ته كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی وردبینی له هه‌موو پرۆسه‌ی نه‌وتدا بكات و له ساڵی ئاینده‌شدا شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2017 ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌ویش وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیران گه‌ر بیه‌وێت و مافی خۆشیانه، ئاماده‌ین هه‌موو ئه‌و ورده‌كارییانه له‌به‌رده‌م خۆی باس بكه‌ین، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی قسه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن و ته‌نیا له پرێسكۆنفڕانسهكاندا قسه له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش ده‌بێت هه‌ر له پرێسكۆنفڕانسهكاندا وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه و ئه‌مه‌ش ڕاست نییه. گه‌ر زانیاری‌یان ده‌وێت، ئاماده‌ین به دانیشتن زانیارییه‌كانیان بخه‌ینه به‌رده‌ست. ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی نه‌وت و گازم ڕاسپاردووه به ئامار و ژماره وه‌ڵام بداته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی له‌م بابه‌ته بگه‌ن. ئه‌و باسی ئه‌وه ده‌كات كه زۆر خه‌می هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانییه‌تی، من پرسیارێكی لێده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر زۆر خه‌میه‌تی بۆ پرسیار ناكات له شاری دووزخورماتوو چی ده‌قه‌ومێت؟ ئایا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌مباره‌یه‌وه كردووه؟ با بفه‌رموێت بچێت بزانێت له‌وێ چی قه‌وماوه؟ به‌ڕاستی مامه‌ڵه‌كردن به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی هه‌موو عێراق و به‌ڕای ئێمه هیچ دروست نییه و ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی له‌سه‌ره و ده‌بێت هه‌ست به به‌رپرسیارێتیی خۆی بكات و ئاماده بێت له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دانیشتن بكات چونكه ئێمه هه‌میشه دوو سێ پره‌نسیپمان وه‌ك بنه‌ما دووپات كردووەته‌وه كه ئاماده‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا و پێگیرین به بابه‌تی ده‌ستوور و یه‌كێتیی خاكی عێراق، ئه‌م دوو بابه‌ته بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگن و هه‌رێمی كوردستان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئاماده‌یه بۆ گفتوگۆ".
سه‌باره‌ت به واده‌ی سه‌ردانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ به‌ریتانیا و نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد "تا ئێستا واده‌ی سه‌ردانمان بۆ به‌ریتانیا ده‌ستنیشان نه‌كراوه و نووسینگه‌ی ئێمه له سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌سه‌ر هێڵن تا بزانن كه‌ی واده‌كه‌ی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیرانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانم به‌ده‌ست گه‌یشتووه. لێره‌وه وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسی ئه‌و وه‌زیرانه ده‌كه‌م كه به دڵسۆزی و خه‌مخۆری كاریان كردووه و ئه‌مه بڕیارێكی سیاسیی حزبه‌كانیانه و ئێمه ڕێزمان هه‌یه بۆ بڕیاره‌كه‌یان. ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان پێویستی به كۆمه‌ڵێك ڕێكاری یاسایی هه‌یه و جێبه‌جێیان ده‌كه‌ین و پێم‌خۆش بوو ئه‌وان له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن، چونكه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا هه‌ڵبژاردنمان ده‌بێت و تا ئێستاش ئه‌و بڕیاره له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه".
سه‌باره‌ت به ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و كاریگه‌ریی ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ده‌نگۆی پاشخستنی گفتوگۆكان بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڕێزیان گوتی "پێویسته ئه‌و پرسیاره له سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بكه‌ی تا بزانین ئه‌و كه‌ی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ. هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی شه‌رعیه‌تی نییه، ئه‌و حكوومهتەی ئێستا هه‌یه گه‌لی كوردستان ده‌نگی بۆ داوه له پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا و به‌و شه‌رعیه‌ته‌ی له گه‌لی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرتووه ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و تا ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌رده‌وامه و تا هه‌ڵبژاردنی داهاتووش، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاكه لایه‌نی شه‌رعییه كه له‌گه‌ڵ به‌غدا دانوستان بكات. دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش هه‌ر حكوومه‌تێك له هه‌رێمی كوردستان بێته سه‌ر كار، ئه‌و حكوومه‌ته دانوستان ده‌كات. قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عێراق ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه و ئه‌مه به‌و ناوانه ناگۆڕدرێت كه ئێستا له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنرێت و ئه‌مه هیچ له بابه‌ته ناگۆڕێت و پێموایه یارییه‌كی زۆر ناشرینه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا هیچ له بابه‌ته‌كه ناگۆڕدرێ. ئه‌م قه‌واره‌یه قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه و به‌پێی ده‌ستوور هه‌رێمی كوردستانه و هه‌ر واش ده‌مێنێته‌وه و ئه‌مه به هیچ كه‌سێک له به‌غدا تێكناچێت و باشترین شت ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌واره‌یه بكرێت كه ناوی (هه‌رێمی كوردستان)ه به‌پێی ده‌ستووری عێراق. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئایا پێش هه‌ڵبژاردن یان دوای هه‌ڵبژاردن دانوستان ده‌كرێت، ئێمه پێمانوایه ئێستا باشتره ده‌ست به دانوستان بكرێت و ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه نه گفتوگۆ هه‌یه و نه نییه، نه له بهرژەوهندیی عێراقه و نه له بهرژەوهندیی هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه پێمانوایه ده‌بێت به زووترین كات دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێبكرێت و ئێمه‌ش ئاماده‌ین".
ده‌رباره‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "باشتره له خودی براده‌رانی په‌رله‌مان بپرسن بزانن ئه‌وان چ وه‌ڵامێكیان هه‌یه. تا ئێستا نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌گه‌یشتووەته په‌رله‌مان و دوای ئه‌وه، قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كرێت".
سه‌باره‌ت به مووچه‌ی پێشمه‌رگه و چاكسازییه‌كانی حكوومه‌ت له بواره جیاوازه‌كاندا و فرۆشتنی هه‌ندێك له ئۆتۆمبیل و زه‌ویی حكوومه‌ت، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "ڕێز و خۆشه‌ویستیم بۆ هه‌موو پێشمه‌رگه ئازیزه‌كان هه‌یه كه ئێستاش به‌رگری له كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ش به‌رگرییان كردووه. پێشتر باسی ئه‌وه‌م كردووه كه ئێمه به قۆناغێكی سه‌ختی داراییدا تێده‌په‌ڕین، دوای ئه‌وه‌ی نیوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ستچوو بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌مووان هه‌بوو و ده‌زانین پێشمه‌رگه له‌وه تێگه‌یشتووه و به‌رگه‌ی گرتووه، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه بۆ ئه‌وه‌یه هه‌وڵ بده‌ین كه‌مترین زیان به‌ر پێشمه‌رگه بكه‌وێت و له‌سه‌ر ئه‌م ههوڵانهشمان به‌رده‌وام ده‌بین. پڕۆژه چاكسازییه‌كه‌مان زۆر بوار ده‌گرێته‌وه و ناردوومانه بۆ په‌رله‌مان و له هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات. ده‌رباره‌ی ئۆتۆمبیلهكانیش، هه‌ندێك ئۆتۆمبیلی زیاد هه‌یه و هه‌ندێك كارمه‌ندیش هه‌یه پێویست ناكات ئۆتۆمبیلی لابێت و خه‌رجی له‌سه‌ر حكوومه‌ت زۆره و به‌پێی پڕۆژه‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی ئه‌و چاكسازییانه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و بڕیار درا هه‌ندێكیان بفرۆشرێن و هه‌ر فرۆشتنیش نییه و ورده‌كاری زۆرتری هه‌یه و دوایی له به‌یانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا باسی لێوه ده‌كرێت".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كان و یاریكردن به‌كات له‌لایه‌ن به‌غداوه، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "خۆپیشاندان مافێكی سرووشتی هه‌ر هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستانه و ده‌توانن به خۆپیشاندان داوای مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن و ئه‌مه وه‌ك پره‌نسیپ تا ئێره قبووڵه، به‌ڵام كاتێك خۆپیشاندان ببێته هۆی تێكدانی ئارامیی خه‌ڵكی كورستان له شاره‌كاندا، ده‌بێت ڕێگری لێ بكرێت و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر ئه‌وه‌ی كردووه. ئه‌مڕۆ ئێمه باسمان له‌وه كرد كه خۆپیشاندان بۆ داواكردنی ماف قبووڵه، به‌ڵام خۆپیشاندان بۆ سووتاندنی باره‌گای حزبه‌كان و ده‌زگا حكوومییه‌كان قبووڵ نییه و ئه‌رشیفێك له كۆیه سووتێنراوه 300 ساڵ مێژووه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مه كه‌ی پێی ده‌گوترێت خۆپیشاندان و داواكردنی ماف، ئه‌رشیفێكی سێسه‌د ساڵی بسووتێنرێت، ئایا ئه‌مه داوكاریی خه‌ڵكه بۆ مه‌به‌ستێك؟ نه‌خێر ئه‌مه تێكدانه و خه‌ڵكی كوردستانیش به گشتی دژی ئه‌مه‌یه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستانیش وه‌ك ئه‌ركی خۆی ده‌بێت ڕێ له‌و تێكدانه بگرێت و نابێت داواكاریی خه‌ڵك بۆ تێكدان و شتێكی وا بقۆزرێته‌وه كه نه ئێمه پێمانخۆشه و نه خه‌ڵكی كوردستانیش حه‌ز ده‌كات ئه‌وه ببینێت. به‌غدا یاری به كات بكات یان نا، ئه‌وا هیچ له بابه‌ته‌كه ناگۆڕێت و ده‌بێت بیركردنه‌وه زۆر له‌وه فراوانتر بێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بێت كه ئایا ده‌مانه‌وێت ئاسایش و ئارامی بۆ ئه‌م وڵاته بگه‌ڕێته‌وه یان نا؟ ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت ئه‌وه بكرێت كۆمه‌ڵێك بابه‌تی جددی هه‌ن له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه ده‌بێت به زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێن و كات كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئێمه و به‌غداش نابێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بێت كه كێمان به‌هێز و كێمان بێهێزه، به‌ڵكو ئێمه هه‌ندێك كیشه‌مان هه‌یه و ده‌بێت به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن".
هه‌ر سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی ده‌ستپێكردن گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و به‌ڕێوه‌بردنی خاڵه سنوورییه‌كان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "زانیارییه‌كان به هه‌ڵه هاتوون كه‌س نه‌هاتووه له‌گه‌ڵ ئێمه دا‌نیشێت و ئه‌وان بۆ گفتوگۆكردنی بابه‌تی ئاواره‌كان هاتوون و نه‌هاتوون له‌گه‌ڵ ئێمه دانیشن. ده‌ستوور ماف و ئه‌ركه‌كانی ئێمه و به‌غدای له خاڵه سنوورهییهكان دیاریكردووه، ئێمه ئاماده‌ین به‌پێی ده‌ستوور له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خاڵه سنوورییه‌كان و هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه، مامه‌ڵه بكه‌ین و هیوادارین له ساڵی ئاینده‌دا له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی بودجه و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بتوانین له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه ڕێككه‌وتنێك و ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتینه ڕێككه‌وتن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستمانه زۆر به شه‌فافی دابه‌شی ده‌كه‌ین و بۆ خه‌ڵكی كوردستانیشی ڕاده‌گه‌یه‌نین بارودۆخه‌كه به چ شێوه‌یه‌كه".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.