Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 04:18

ئاسۆ له‌ بۆکانه‌وه‌ شیعرێک بۆ سه‌رۆک بارزانی ده‌نووسێ

سه‌د قه‌ڵای به‌رزت له‌ خاكی له‌ت له‌تا سازكردوو مات نه‌بی ئه‌ی شاهی سه‌ر به‌رزی وڵاتم بێره‌وه‌
Aso - Sarok barzani
کوردستان TV
100%

ئاسۆی شاعیر له‌ بۆكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ به‌ شیعرێكی به‌ هه‌ست و سۆز له‌ قالبی غه‌زه‌لدا به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری خه‌بات و تێكۆشانی سه‌رۆك بارزانی به‌رز ده‌نرخێنێت.

محه‌مه‌دسه‌عید نه‌جاڕی ناسراو به‌ (ئاسۆ)، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شاعیره‌ ناسراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، شیعرێكی بۆ سه‌رۆك بارزانی نووسیوه‌ و تێیدا به‌ شێوه‌یه‌كی شاعیرانه‌ی ورد، وه‌سفی خه‌بات و قوربانیدان و كاره‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات.

ئاسۆ كه‌ به‌ شاعیرێكی به‌ توانا له‌ بواری شیعری غه‌زه‌ل له‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و فارسی ناسراوه‌، له‌و شیعره‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌رچی ده‌رد و ئازاری نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، له‌ نیگای سه‌رۆك بارزانیدا كۆ بوونه‌ته‌وه‌ و ڕوانگه‌ی سه‌رۆك بارزانی “ئه‌ودیوی كێوه‌كانیشی بینیوه‌”، بۆیه‌ تكای گه‌ڕانه‌وه‌ی لێ ده‌كات.

ئه‌مه‌ش ده‌قی شیعره‌كه‌یه‌:

ئه‌ی هه‌ڵۆی سه‌ر دوندی كێوانی وڵاتم بێره‌وه‌

تۆ ئه‌گه‌ر كزبی منیش دڵته‌نگ و ماتم بێره‌وه‌

سه‌د قه‌ڵای به‌رزت له‌ خاكی له‌ت له‌تا سازكردوو

مات نه‌بی ئه‌ی شاهی سه‌ر به‌رزی وڵاتم بێره‌وه‌

هه‌رچی ده‌ردی كوردییه‌ له‌و نێو نیگاتا شه‌وق ئه‌دات

وێڵی كام ده‌رده‌ نیگات، خۆ من فیداتم بێره‌وه‌

دیدی تۆ، پشت كێوه‌كانیشی ده‌دیت، من دڵنیام

كوا نیگای گه‌رمت؟ فیدای دووری نیگاتم بێره‌وه‌

سه‌بری ئه‌ییووبت له‌ كۆڵ ناوه‌ و له‌ ئاده‌م تاق تری

شێتی بارزان و وڵاتی خۆش هه‌واتم بێره‌وه‌

من كه‌ لاقم به‌سته‌یه‌ و ده‌سكورت و مه‌قسه‌د نادیار

گه‌ر بزانم كوێیه‌ جێت یه‌كسه‌ر ده‌هاتم بێره‌وه‌

دڵڕه‌شانی دین به‌ دونیاده‌ر، دڵت ناخوێننه‌وه‌

شاعری شه‌یدای گرێی شاڵ و كه‌واتم بێره‌وه‌

گه‌ر قه‌ڵه‌م وه‌سفی شه‌هیدی سوور خه‌ڵاتی كورد بكا

نووكی ده‌شكێ و وشكه‌بێ، شووشه‌ی ده‌واتم بێره‌وه‌

گه‌ر بپرسی حاڵی ئاسۆی ده‌سنیای هێدی و هه‌ژار

هه‌ر ته‌م و خه‌م بوو له‌نێو خه‌ڵكا خه‌ڵاتم بێره‌وه‌

ئاسۆ - بۆكان به‌فرانباری96ی هه‌تاوی...

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.