ئەمڕۆ یەکشەممە 31/12/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینییەوە بڵاو کردەوە ، كه ئهمهى خوارهوه دەقهكهیهتى:-
بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی خۆم لە گشت ھاونیشتمانیانم لە ھەرێمی کوردستان و گەلانی جیھان دەکەم.
ئاواتەخوازم لەم ساڵە نوێیەدا نەھامەتی و شەڕ و توندوتیژییەکان کۆتاییان بێت و ئاشتی و ئاسایشی ھەمیشەیی بەرقەرار بێت.
ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زاینیی لە کاتێکدایە، کە ھەرێمی کوردستان وێرای قوربانیدان و سەرکەوتنە مێژووییەکانی بەسەر تیرۆریستان و گەیاندنی پەیامی ئاشتیانەی خۆی لەرێگەی پرۆسەیەکی دیموکراتییەوە،بەڵام لە ئەنجامی عەقڵیەتی خۆسەپێنی بەغدا و گەلەکۆمەکی و دان نەنان بە مافە سرووشتیەکانی دووچاری واقیعێکی نەخوازراو بووەتەوە، کە بەھۆیەوە ھاووڵاتیانی لە دۆخێکی سەخت و ناھەموار دەژین.
ھاودەنگ لەگەل زۆربەی جەماوەری خۆراگری کوردستان، داوا لە حزبە سیاسیەکان دەکەم بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی گشتی وەک باشترین بژاردە ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە.
ھەروەھا ئومێدەوارین بەغدا واز لە زمانی ھەڕەشە و سزادانی بە کۆمەڵ و نانەوەی ئاشوب و خۆدزینەوە لە بانگەوازە ئاشتیخوازەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان بێنێت، کە ھاوکات داخوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە.
لەم بۆنەیەدا جارێکی دی دەستخۆشانە و سوپاسگوزاریی گەرمی خۆم ئاراستەی گشت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گیان لەسەردەستانی پێکھاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان وخۆراگری و پەرۆشی ھاووڵاتیانی کوردستان دەکەم، کە بەردەوام ھێزێکی لە بننەھاتووی پاراستن و بەدیھاتنی دەستکەوتەکانن
جارێکی دیکەش ساڵی نوێ پیرۆزە و ئاواتمان بەختەوەری و خۆشی و شادیی ھەمیشەیی ھەمووتانە و ئومێدەوارین جیھانی ئازاد رێز لە مەینەتی و قوربانیدان و ویستی ئازادانە و مافی چارەنووسی گەلە ئاشتیپەروەرەکەمان بگرێت.
مەسرور بارزانی
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
31/12/2017
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.